بەغداد - INA

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری گەیاندن، مستەفا سەنەد، بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە کاتژمێر ٦:٠٠ تا ٧:٣٠ی بەیانی لە ماوەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا ڕاگەیاند.

وەزیری گەیاندن، مستەفا سەنەد، لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "لە ماوەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا، هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو، لە کاتژمێر ٦:٠٠ تا ٧:٣٠ی بەیانی دەبڕدرێت".

پێشتر و هەر ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندبوو کە سبەینێ تاقیکردنەوە وزارییەکانی قۆناغی ناوەندی بە بەشداری زیاتر لە ٩٠٠ هەزار قوتابی دەستپێدەکات.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "بەیانی سبەینێ چوارشەممە، تاقیکردنەوە وزارییەکانی قۆناغی ناوەندی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ - ٢٠٢٦ / خولی یەکەم، بە بەشداری زیاتر لە ٩٠٠ هەزار قوتابی کوڕ و کچ، لە زیاتر لە ٧٠٠٠ ناوەندی تاقیکردنەوە کە بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەیدا دابەشبوون، دەستپێدەکات".