بەغداد- INA

ئەمڕۆ سێشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، جەختی لەسەر سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر شانشینی عەرەبی سعودیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کردەوە، هاوکات ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێوشوێن دا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە ئامانج لێی پێشێلکردنی سەروەری بێت.

عەوادی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "عێراق جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بەرامبەر بە پەیوەندییە ناوازە و بەردەوامەکانی نێوان وڵاتانی خوشک و دۆستی ناوچەکە، و پەرۆشی خۆی نیشان دەدات بۆ ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ گرنگیی پشتگیریکردنی سەقامگیری و سەرجەم هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژی و ڕێگریکردن لە هێرشەکان لە هەر سەرچاوەیەکەوە بن."

وتیشی: "حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییانە دەکات کە شانشینی عەرەبی سعودییەی خوشکی کردە ئامانج، و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی خۆی دەکاتەوە لەو هەوڵە هاوبەشانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکەیە."

ڕاشیگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی لایەنە سەربازییە تایبەتمەندەکانی عێراق هیچ زانیارییەکی تایبەتیان لەو بڕەی کە پەیوەندی بە ئاسمانی عێراقەوە هەبێت تۆمار یان دەستنیشان نەکردووە، بەڵام دامەزراوە تایبەتمەندەکانی عێراق لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هاوکاری لە پێناو لێکۆڵینەوە لە هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە وردەکاریی ئەو هێرشەوە هەبێت کە شانشینەکەی کردووەتە ئامانج."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق لەم ڕووەوە، ڕەتکردنەوەی بڕیاردەرانەی خۆی بۆ بەکارهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دووپات دەکاتەوە"، جەختیشی کردەوە کە "هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرجەم هەنگاو و ڕێوشوێنە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر بۆ پووچەڵکردنەوە و ئاشکراکردنی هەر هەوڵێک کە ڕەنگە لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام بدرێت، و هیچ چاوپۆشییەک لەوانە ناکرێت کە هەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتی عێراق دەدەن، یان زیان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی سعودیە یان وڵاتانی دراوسێ و خوشک دەگەیەنن."