نێودەوڵەتی – INA
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، موشەکی Vega-C هەڵدرا کە مانگی دەستکردی "SMILE"ی گواستەوە بۆ خولگە، کە مانگێکی دەستکردی تایبەتە بە مەبەستی زانستی و بە هاوبەشی لە نێوان ئەکادیمیای زانستی چین و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپادا پەرەی پێدراوە.
پرۆسەی هەڵدانەکە لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی "کوڕو" لە گویانای فەرەنسی، ڕێک لە کاتژمێر ٠٠:٥٢ بە کاتی ناوخۆیی (٠٦:٥٢ بە کاتی مۆسکۆ) جێبەجێ کرا، و گەشتی موشەکەکە لە چرکەساتی هەڵدانییەوە تا جیابوونەوەی مانگە دەستکردەکە لێی، نزیکەی ٥٧ خولەکی خایاند.
بڕیارە لە سەرەتادا مانگە دەستکردەکە لە خولگەیەکی نزمی زەویدا و لە بەرزی ٧٠٠ کیلۆمەتر دابنرێت، دواتریش خۆکارانە بگوازرێتەوە بۆ خولگەیەکی هێلکەیی بەرز کە تێیدا بە دووری ١٢١ هەزار کیلۆمەتر لە زەوی دوور دەکەوێتەوە بۆ چاودێریکردنی ناوچە جەمسەرییەکانی هەسارەکەمان، پاشان تا مەودای ٥٠٠٠ کیلۆمەتر لە زەوی نزیک دەبێتەوە بۆ ناردنی زانیارییەکان بۆ وێستگە زەمینییەکان؛ بەمەش نزیکەی ههر دوو ڕۆژ جارێک خولێکی تەواو بە دەوری زەویدا دەکات.
ئەم مانگە دەستکردە کە کێشەکەی ٢.٢٥ تۆنە، بەکاردێت بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کارلێککردنی باوبۆرانە خۆرییەکان لەگەڵ بەرگە موگناتیسییەکەی زەویدا، هەروەها بۆ گرتنی وێنەی ئەو ناوچانەی کە باوبۆرانە خۆرییەکان بە هێزی موگناتیسی زەویدا دەکێشن، جیا لە چاودێریکردنی دیاردەی تیشکی جەمسەری (شەبەنگی جەمسەری). زانیارییەکانی ئەم مانگە دەستکردە یارمەتیدەر دەبن لە باشترکردنی پێشبینیکردنی دیاردەکانی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان، کە ڕەنگە کاریگەری بکەنە سەر کارکردنی مانگە دەستکردەکان، پەیوەندییە بێوایەرەکان، سیستمەکانی ڕێدۆزی ، و تۆڕەکانی کارەبا لەسەر زەوی.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


