بەغداد- INA - ئەحمەد فەراجی

وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکارە ئەمنییەکانی تایبەت بە پلانی وەزارەتەکەی لە ماوەی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ڕاگەیاند.

لیوا میقداد مێری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "پلانی ئەمنی لە ماوەی جەژندا بڵاوەپێکردنێکی بەرفراوانی مەفرەزەکانی فریاکەوتن (نەجدە) و هەوڵە هەواڵگرییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ سەپاندنی ڕێکاری توند لە نزیک مەزارگە ئاینییەکان، حوسەینییەکان، مزگەوتەکان و گۆڕستانەکان".

وتیشی: "ڕادارەکان بۆ چاودێریکردنی خێرایی لەسەر ڕێگا دەرەکییەکان بەکاردەهێنرێن"، داواشی لە شۆفێران کرد "پابەندی ئەو خێراییانە بن کە دیاریکراون".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "تیمی تایبەت پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی دیاردە نەرێنییەکان کە دیارترینیان حاڵەتەکانی گێچەڵپێکردنە (تەحەڕوش)، سەرەڕای ڕێگریکردن لە تەقەکردن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان و ڕاوەدوونانی سەرپێچیکارانی ڕێنماییەکان".