بەغداد – INA
سامر مستەفا، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی باسکەی عێراق، گەشبینی خۆی نیشاندا بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی لە یارییەکانی داهاتوودا، و ستایشی ڕۆڵی فیدراسیۆنی نوێی عێراقی و پاڵپشتییەکانی بۆ دەستەی ڕاهێنەران و هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد.
مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "هەڵبژاردەی نیشتمانی سێ یاری گرنگی لەپێشە لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی، کە گرنگترینیان ڕووبەڕووبوونەوەی سوریایە کە یارییەکی یەکلاکەرەوەیە، لەگەڵ دوو یاری تریش لە بەرامبەر ئوردن لە عەمانی پایتەخت".
وتیشی: "ئەو بارودۆخانەی کە فیدراسیۆنەکە لە ماوەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕێڕەوی هەڵبژاردەکە هەبوو، بەڵام فیدراسیۆنی نوێ خاوەنی دیدگایەکی هونەری ڕوون و پاڵپشتیکارە، بە ئامانجی تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو و کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی باسکەی عێراقیدا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەستپێکردنی خولەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە سەردەمی فیدراسیۆنی ئێستادا هەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی پێبێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "مەشق و ڕاهێنانەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دوای کۆتایی هاتنی خولەکە لە ڕێگەی کەمپێکی ناوخۆییەوە دەستپێدەکات، و دواتریش پاڵەوانێتییەکی چوارقۆڵی لە ڕووسیا یان سڕبیا ڕێکدەخرێت، کە تا ئێستا شوێنی ئەنجامدانی یەکلا نەکراوەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی داهاتوو".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "کورتیی ماوەی ئامادەکارییەکە وای لە دەستەی ڕاهێنەران کردووە زۆربەی ئەو یاریزانانە هەڵبژێرن کە ئێستا لە گۆڕەپاندا هەن، بە جۆرێک ناویان لەسەر سەکۆی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی (FIBA) تۆمارکراوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی".
له کۆتاییدا وتی: "دەستەی ڕاهێنەران کۆمەڵێک یاریزانی هێڵی دووەمیشیان (یەدەگ) هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشت بۆ تیمی یەکەم، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو دیدگا دواڕۆژییەی کە بۆ پەرەپێدانی هەڵبژاردەکە داڕێژراوە"، جەختیشی لەسەر متمانەی خۆی بە توانای یاریزانەکان کردەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر هەڵبژاردەی سوریادا و پەڕینەوە بۆ قۆناغی دووەمی پاڵاوتنەکان.


