بەغداد – INA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد، ئەمڕۆ، کۆمەڵێک ڕاسپاردە و ڕێنمایی ئەمنی تایبەت بە جەژنی قوربانی پیرۆزی دەرکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی پایتەخت لە ماوەی ڕۆژانی جەژندا داڕێژراوە، هاوکات جەختی لە گرتنەبەری ڕێکاری توند کردەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، شوێنە گشتییەکان و پەرستگاکان.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "پلانی ئەمنییەکە دابینکردنی پارێزگاری بۆ هاوڵاتیان، مەزارگە پیرۆزەکان و پەرستگاکان دەگرێتەوە، جگە لە بازاڕ، مۆڵ، چێشتخانە، سەیرانگا، شارەکانی یاری منداڵان، گۆڕستانەکان و ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژانی جەژندا گردبوونەوە و قەرەباڵغی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن".
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه: "پلانەکە لە ڕێگەی ئامادەبوونی مەیدانیی فەرماندە و ئەفسەران لەسەرکردایەتی کەرتەکانی خۆیان لە پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگا هەواڵگرییەکان جێبەجێ دەکرێت، هاوشان لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشکنین بۆ ڕاوەدوونانی کەسانی دەرچوو لە یاسا و باندەکانی تاوانی ڕێکخراو".
فەرماندەییەکە جەختی لەسەر "ئامادەکردنی بارەگای کۆنترۆڵکار کردووەتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە لەناکاوەکاندا"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "هاتوچۆی ماتۆڕسکیل و ئەو عەرەبانانەی کە لەلایەن ئەسپەوە ڕادەکێشرێن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و بازاڕە گشتییەکاندا قەدەغە دەکرێت، لەگەڵ پشکنینی وردیان لە کاتی پێویستدا".
لە درێژەی ڕێکارەکاندا هاتووە کە: "ڕێوشوێنەکان چاودێریکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایش لە هۆتێل، چێشتخانە، شارەکانی یاری و گەراجەکاندا دەگرێتەوە، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن ، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن لە نزیک شوێنە گشتی و کات بەسەربردنەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە کتوپڕەکاندا".
فەرماندەییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە: "پشت بە توانای تەکنیکی، کامێراکانی چاودێری و تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان دەبەسرێت بۆ چاودێریکردني ئامانجە گرنگ و زیندووەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی کەمپینی هۆشیارکردنەوە و ڕێنماییکردنی هاوڵاتیان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی کۆمەڵگەیی و بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆکان".
هەروەها توندوتۆڵکردنی تێدا بووە کە: "هیچ ڕێگەیەکی سەرەکی یان لاوەکی داناخرێت مەگەر لە حاڵەتی زۆر پێویستدا و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بارەگای فەرماندەیی، هاوکات جەخت لەسەر ئاسانکاریی کارەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کەناڵە ئاسمانییەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ کراوەتەوە لە کاتی ڕووماڵکردنی جەژنی قوربانی پیرۆزدا".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد داوای لە هاوڵاتیان کردووە کە "هەر حاڵەتێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش، لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (911) یان ئەو ژمارانەی کە بۆ پێشوازیکردن لە سکاڵا و زانیارییە ئەمنییەکان تەرخانکراون، ئاگادار بکەنەوە".

