هەمەڕەنگ – INA
تاقیگەی فەلەکناسیی خۆر، سەر بە ئەکادیمیای زانستەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک پەڵەی مەترسیداری خۆر کە خاوەن قەبارەی زۆر گەورەن، لەسەر ڕووی خۆر دەرکەوتوون.
بەپێی وتەی تاقیگەکە، ئەم پەڵانە لەو بەشەی خۆردا پێکهاتوون کە لە زەوییەوە دوورە (بەشە شاراوەکەی)، و ئەگەری هەیە ببنە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو پەڵانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەسەر خۆر دەرکەوتوون.
تاقیگەکە لە ڕێگەی چەناڵی خۆی لە تۆڕی تێلیگرام ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کۆمەڵە پەڵە زەبەلاحەی کە لە بەشە دوورەکەی خۆردا پێکهاتوون، لە ڕێگەی پشکێنەری بۆشایی ئاسمان "سۆلار ئۆربیتر" (Solar Orbiter) وێنا دەکرێن و چاودێری دەکرێن.
زاناکان ئەم چەقە نوێیەی چالاکیی خۆر بە یەکێک لە مەترسیدارترین چەقەکان لە ساڵانی ڕابردوودا دادەنێن؛ دیاردەیەکی هاوشێوەش دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەر ڕووی خۆر بینرا، کە تێیدا زنجیرە تەقینەوەکانی لێکەوتەوە و بوونە هۆی دروستبوونی بەهێزترین زریانی موگناتیسی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.
شارەزایان دەڵێن: "کۆبوونەوەی پەڵە گەورەکانی خۆر زیاتر لەبەر ئەوە سەرنج ڕادەکێشن، چونکە قەبارەی ناوچە چالاکەکە هاوشێوەی هێزی ئەو دیاردە خۆرییانەیە کە تێیدا ڕوودەدەن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گڕکان و درەوشانەوەکانی خۆر (Solar Flares) وزەکەیان لە بواری موگناتیسیی خۆرەوە وەردەگرن، هاوکات تەوژمی ئەم بوارە و هێزەکەشی بەستراونەتەوە بە قەبارەی پەڵەکانی خۆرەوە. لەبەر ئەوە، بەهێزترین درەوشانەوەکانی مێژوو، بێ جیاوازی، لەو ناوچە چالاکانەدا ڕوویانداوە کە قەبارەی پێوانەیییان هەبووە".
ئەم ناوچە نوێیە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لە زەوییەوە دەبینرێت، و دوای هەفتەیەکی تریش دەچێتە مەترسیدارترین پێگەی خۆیەوە — کە دەکاتە ڕێک بەامبەر هەسارەکەمان. تاقیگەکەش ئەو ئەگەرەی بەدوور نەزانیوە کە لەم ماوەیەدا چەقەکەی بە تەواوی بمرێت یان وزەی زیاتر کۆبکاتەوە.
شایەنی باسە، درەوشانەوە و گڕکانەکانی خۆر دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی زریانی موگناتیسی لەسەر زەوی، ئەمەش تۆڕەکانی وزە پەکدەخات و کاریگەری دەکاتە سەر ڕێڕەوی کۆچی باڵندە و ئاژەڵان. هەروەها زریانە بەهێزەکان سیستمەکانی پەیوەندیی شەپۆل کورت و ڕێدۆزی (ناڤیگەیشن) پەکدەخەن، لە پاڵ بڕانی تەزووی کارەبا لە تۆڕە پیشەسازییەکاندا. سەرەڕای ئەمانەش، زیادبوونی چالاکیی خۆر دەکرێت بازنەی جوگرافیی بینینی شەبەنگی جەمسەری (شەفق) فراوانتر بکات، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نییە سەبارەت بەوەی ئایا زریانە موگناتیسییەکان کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە یاخود نا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


