بەغدا- INA

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای داماک ئینتەرناشناڵ، دانانی بەردی بناغەی بۆ دروستکردنی 51 ڤێلا ڕاگەیاند کە وەک دیاری پێشکەش بە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کراون؛ ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ گەیشتنیان بە مۆندیال.

ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکە، کە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "بۆ بەدەمەوەچوونی دەستپێشخەریی سەرۆک وەزیرانی پێشوو محەمەد شیاع سودانی، داماک ئینتەرناشناڵ ئاهەنگێکی تایبەتی بۆ ڕاگەیاندنی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی 51 ڤێلای لوکس لە کۆمەڵگەی داماک هیڵز بەغدا سازکرد، کە تایبەت کراون بە یاریزانان و کادیرانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی عێراق؛ وەک ڕێزلێنانێک بۆ دەستکەوتە مێژووییەکەیان بە گەیشتن بە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026، ئەمەش بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای حکومی و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ و یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و کادیرانی کارگێڕی".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە نووسینگەی فرۆشتنی کۆمپانیاکەدا، ماجد غەزالی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پڕۆژەکان لە داماک ئینتەرناشناڵ و بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای دایکۆی جیهانی – عێراق، پێشوازی لە میوانەکان کرد، کە پێکەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی فەرمیی دانانی بەردی بناغەکەدا کرد، وەک ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی کارەکانی بنیادنان لە شوێنی پڕۆژەکەدا".

غەزالی - بەپێی ڕاگەیەندراوەکە - وتی: "خۆشحاڵین کە ڕێز لە یاریزانان و کادیرانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق دەگرین؛ وەک پێزانینێک بۆ ئەم دەستکەوتە مێژووییە کە خۆی لە سەرکەوتن بۆ یارییەکانی کۆتایی مۆندیالدا دەبینێتەوە دوای دابڕانێک کە چل ساڵی خایاند"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم ڕێزلێنانە لە چوارچێوەی پابەندبوونی داماک دێت بۆ پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەری و دەستکەوتە وەرزشیانەی کە جێگەی شانازی و ڕێزی گەلی عێراکن، بەتایبەتی تۆپی پێ کە پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی سەرجەم عێراقییەکاندا هەیە، و سوور بووین لەسەر ئەوەی کە هاوتەریب لەگەڵ ئەم دەستکەوتە نیشتمانییەدا پێشوازییەک ڕێکبخەین کە شایستەی بەهاکەی بێت".

ڕاگەیەندراوەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت "پڕۆژەی داماک هیڵز بەغدا بە شوێنە ستراتیژییەکەی لە بەردەم گۆڕەپانی عەباس بن فەرناس و لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا جیادەکرێتەوە، بەجۆرێک بە ئۆتۆمبێل تەنها پێنج خولەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و زانکۆکانی دەوروبەرییەوە دوورە، و دە خولەک لە ناوچەی سەوز و ناوچەی مەنسوورەوە، و پانزە خولەکیش لە دیارترین هۆتێلەکانی پایتەختەوە دوورە".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە "پڕۆژەی کۆمەڵگەی داماک هیڵز - بەغدا کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتگیر لەخۆدەگرێت کە باخچەی خێزانی، یاریگەی وەرزشیی جۆراوجۆر، کەناراوێکی مالیبۆ بە شەپۆلی دەستکرد، یانەیەکی کۆمەڵایەتی (زە کلوب هاوس)ی مۆدێرن و ناوچەی بازاڕکردن دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی سەرجەمیان ژینگەیەکی نیشتەجێبوونی تەواو پێکبهێنن کە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی نوێ بێت بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی شایستە، و ئەزموونێکی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووان دابین بکات کە لە نێوان تایبەتمەندی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا لە چوارچێوەی قەوارەیەکی شارستانیی پێشکەوتوودا کۆببێتەوە".