بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای شەهیدان، جەختی کردەوە کە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی پارێزگای ئەنبار بۆ قوربانیانی ڕژێمی لەناوچوو لە هەشتاکاندا دەگەڕێنەوە، نەک بۆ قۆناغی دوای 2014.

دەزگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاندووە: "هاوتەریب لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق (کە هاوکاتی 16ی ئایارە)، و بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی سەرۆکی دەزگای شەهیدان، کادیرە پسپۆرەکانی تیمی نیشتمانی - کە لە فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەسەروشێوێنەکان، و فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری پێکدێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری بێسەروشوێنەکان (ICMP) - دەستیان کردووە بە کارەکانی پشکنین و هەڵدانەوەی حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەشتی ئەنباردا، کە بۆ ئەو قوربانیانە دەگەڕێنەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر دەستی ڕژێمی لەناوچوو گیانیان لەدەستداوە".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە کاتێکدا دەزگاکەمان باڵاترین تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ دادپەروەری لە دۆسیەی قوربانیان و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی دەزگاکە بە توندترین شێواز ئەو هەوڵە بێسوود و داڕێژراوانە شەرمەزار و ڕەت دەکاتەوە کە لەلایەن هەندێک لە پاشماوەکانی ڕژێمی لەناوچووەوە بەڕێوەدەچن بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگەی عێراقی و ڕای گشتی، لە ڕێگەی شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان و بانگەشەی درۆینە بەوەی کە ئەم گۆڕانە بۆ قۆناغی دوای ساڵی 2014 دەگەڕێنەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە "دەزگای شەهیدان سنوورێکی بڕاوە بۆ ئەم درۆیانە دادەنێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەم بانگەشە چەواشەکار و پووچانە تەنها تەشخەشێکی کاتی نین، بەڵکو بێڕێزییەکی ئاشکرا و بەقەستن بە مێژوو، و هەوڵێکی هەرزان و ئاشکران بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی مێژووی خوێناویی ڕژێمی لەناوچوو، و شێواندنی ڕاستییە تاوانکاری و زانستییەکان و بەڵگە مادیانەی کە لە شوێنەکەدا دۆزراونەتەوە".

ڕوونی کردووەتەوە کە "سەرجەم دۆزراوەکان و بەڵگە تاوانکارییە دەستکەوتووەکانی ناوچەکە، بە شێوەیەکی بڕاوە و بێ گومان، دڕندەیی ئەو تاوانانە دەسەلمێنن کە دەزگاکانی ڕژێمی بەعسی تاوانبار دەرهەق بەم بێتاوانانە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەنجامیان داون".

هەروەها هاتووە کە "فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە سەرجەم ڕێکار و هەنگاوە تەکنیکییەکان بە ئامادەبوون و بەشداریی دەزگا فەرمی و حکومییە جیاوازەکانی پارێزگای ئەنبار بەڕێوەچوون، و پشتبەستوون بە پلانە زانستییە ورد و دۆکۆمێنتکراوەکان کە سەرجەم ئەو دەنگۆ و قسە پڕوپووچانە پووچەڵ دەکەنەوە کە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی قوربانیان دەدەن".

ئاوڕی لەوەش داوەتەوە کە "نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی دەزگای شەهیدان لە کاتێکدا ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە دەخاتە بەردەم ڕای گشتی، دووبارە جەخت دەکاتەوە کە دەزگاکە چاوپۆشی لە چووکەترین هەوڵ بۆ بەڕامیاریکردن یان شێواندن و یاریکردن بە دۆسیەی قوربانیان ناکات، و بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی پەیامە نیشتمانی و مرۆییەکەی بۆ ئاشکراکردنی تاوانە مێژووییەکان و ڕاوەدوو نانیان، بە پشتبەستن بە ڕاستی و بەڵگە پزیشکی و یاساییەکان کە درۆکان ناتوانن بیانسڕنەوە".