بەغدا - INA - محەمەد تالیب
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمانەتی بەغدا، ڕایگەیاند کە دووەم هەڵمەتی بەغدا جوانترە تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان بەردەوام دەبێت، هاوكات ئاماژەی بەوەدا کە دووبارە خستنەگەڕی کارگەکانی چیمەنتۆ بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی قیرتاوکردن لە پایتەختدا.
گوتەبێژی ئەمانەتی بەغدا، عودەی جندی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: دووەم هەڵمەتی بەغدا جوانترە، لە ساڵی 2025 دەستیپێکرد و پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی شەقامە 60 مەترییەکانی ناو شاری سەدری گرتەوە کە لە شەقامە سەرەکی و گرنگەکانن، بەڵام کارەکان بەهۆی کەمیی نەختینەی دارایی و کەمیی تەرخانکردنە داراییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دواکەوتن، ڕوونیشیکردەوە کە ئەمانەتی بەغدا پلان و دیدگایەکی گشتگیری بە ڕێنمایی ئەمینی بەغدا، عەممار مووسا کازم دانا، کە پشت بە توانای خودی دەبەستێت، ئەویش لە ڕێگەی دووبارە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ سەر بە ئەمانەتەکە کە پێشتر وەستابوون و پێویستیان بە چاککردنەوەی گشتی هەبوو، چونکە دووبارە خرانەگەڕ و نۆژەنکرانەوە بۆ دابینکردنی ماددەی چیمەنتۆ بۆ فەرمانگە شارەوانییەکان لە چوارچێوەی ئەولەویەتی کارەکانی قیرتاوکردندا.
وتیشی: ئەمانەتی بەغدا سەرجەم تونێلەکانی کەناڵی جەیشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرهەمی کارگە تایبەتەکانی خۆیەوە تەواو کردووە، جگە لەو تونێلەی کە نزیکە لە وەزارەتی گواستنەوە کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێی دەکات، لە کاتێکدا تەواوی تونێلەکانی تر لەلایەن فەرمانگەکانی ئەمانەتەوە بەتەواوی کۆتاییان پێهێنراوە، ئاماژەی بەوەش کرد هەڵمەتەکە قیرتاوکردنی چەند شەقامێکی گرنگی بەغداش لەخۆدەگرێت، لەوانە شەقامی 14ی ڕەمەزان و شەقامی عەدەن، سەرەڕای دەستپێکردني کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی تردا بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ئەمینی بەغدا.
ڕوونی کردەوە کە لە شەقامی نضال کارەکانی تاشین و قیرتاوکردنی نزیکەی 90 لەسەدی تەواو کراوە، و زۆربەی کارەکانی قیرتاوکردن لە دوای کاتژمێر 12ی شەو جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی دروستبوونی لۆد و کاریگەری لەسەر جووڵەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان نەبێت، لایەنێکی تریشەوە وتی ڕۆژانی هەینی و شەممە بۆ تەواوکردنی کارەکانی قیرتاوکردن بەکاردەهێنرێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەری کارەکان لەسەر هاتوچۆی ناو پایتەخت.
جندی جەختی کردەوە کە ساڵی 2026 نوێنەرایەتی تەواوکاری ئەو پڕۆژانە دەکات کە لە ساڵی 2025 دەستیان پێکردووە، بەهۆی کەمیی نەختینەی دارایی و بڕیاری ئەنجومەني وەزیران بە ڕاگرتنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکان پێش تەواوکردنیان بە تەواوی.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گەڕەکی 606 لە سنووری کەرتی مەنسوور لە ئێستاندا شایەتی کارەکانی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەیە دوای ئەوەی بەدەست دواکەوتنی چاککردنەوەوە دەیناڵاند، هەروەها کارەکانی پەرەپێدانی چەندین گەڕەکی نیشتەجێبوون و دروستکردنی ڕووبەری سەوزایی و باخچەکان بەردەوامە، لەوانە باخچەیەک لە چوارچێوەی گەڕەکی 639 لە گەڕەکی خەزرا، کە شایەتی دروستکردنی پارکی عێراقە بە بەڕێوەبردنی شارەوانی مەنسوور، بە ئامانجی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و چاندنی دارە تەمەن درێژەکان.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی بەغدای کۆن، جندی ڕوونی کردەوە کە ئەمانەت قۆناغی یەکەمی تەواو کردووە کە شەقامی موتەنەبی، سەرای، ڕەشید و مەیدانی گرتەوە تا دەگاتە پەیکەری ڕەسافی، ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغەکانی داهاتوو ناوچە و بەشەکانی تری شەقامی ڕەشید دەگرێتەوە، بە هاوکاری لەگەڵ بانکی ناوەندی و ڕابیتەی بانکەکان و لایەنە پەيوەندیدارەکان و دامەزراوە حکومییەکانی تر، و بە ڕێنمایی ئەمینی بەغدا، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی سەنتەری مێژوویی بەغدا.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانگەی شارەوانی ڕەسافە، دەستی کردووە بە پەرەپێدانی ئەو بەشەی کە لە پەیکەری ڕەسافییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ پردی شوهەدا، بە بەکارهێنانی هەمان ئەو ماددانەی کە لە شەقامی ڕەشیددا بەکارهێنراون، بە ئامانجی بەدیهێنانی دیدگایەکی بینراوی گشتگیر بۆ ئەم شەقامە مێژووییە.
