بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوە، نیگەرانی قووڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر چەند دامەزراوەیەک لە سعوودیە لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بوونی هێرش بۆ سەر سعوودیە لە ڕێگەی هۆکارەکانی بەرگری ئاسمانی و ئامێرە بیناییەکانی عێراقەوە تۆمار نەکراوە.
لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، هاتووە: "وەزارەت نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە لەسەر هێرشکردنە سەر چەند دامەزراوەیەک لە شانشینی سعوودیەی برا لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە"، هاوکات جەختی لە "قووڵایی پەیوەندییە برایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا کردەوە، لەگەڵ پەرۆشی بەردەوامی عێراق بۆ بەهێزکردني هاوکاری دوو قۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا، و بەردەوامبوونی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی برا".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە "وەزارەت زانیاری سەرەتایی بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە بوونی هێرش بۆ سەر شانشینی سعوودیە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم زانیارییانە دەکات"، جەختیشی کردەوە کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان کردووە بە ڕێکارەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ زانینی ڕاستی و بارودۆخی بابەتەکە"، هاوکات دووپاتی کردەوە کە "هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە لە ڕێگەی هۆکارەکانی بەرگری ئاسمانی و ئامێرە بیناییەکانی عێراقەوە تۆمار نەکراوە".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزارەت داوای لە "لایەنە پەیوەندیدارەکانی شانشینی سعوودیەی برا کردووە کە هاوکاری بکەن و زانیارییە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە گەیشتن بە زانیاری ورد کە ئاسایش و سەقامگیری لای هەردوو وڵاتی برا بەهێزتر بکات".
لە کۆتاییدا جەختی لەسەر "هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری عێراق کردەوە لە ڕێزگرتن لە ئاسایش و سەلامەتی و سەروەری وڵاتانی برا، و ڕەتکردنەوەی هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیرییان یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانییان، و زیان بە پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان وڵاتانی برا بگەیەنێت"، هاوكات ئاماژەی بە "پەرۆشی عێراق کرد بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکاری لەگەڵ شانشینی سعوودیە، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی برا بکات".

