بەدواداچوون – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،بەرپرسانی ئەمریکی،جەختیان کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خوازیاری ڕێککەوتنێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: کە ،ترەمپ، ڕێککەوتنێکی دەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام ڕەتکردنەوەی چەندین داواکاریی ترەمپ لەلایەن ئێرانەوە، و ئامادەنەبوونی بۆ پێشکەشکردنی سازشی مانادار سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بژاردەی سەربازیی گەڕاندووەتەوە سەر مێزەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە: چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ ، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بژاردەکانی هێرشی سەربازی.

ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردۆتەوە : کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کاتی ئێران بەرەو تەواوبوون دەچێت،و هۆشداریشیداوە: ئەگەر ڕژێمی ئێران پێشنیازێکی باشتر بۆ ڕێککەوتن پێشکەش نەکات، ئەوا ڕووبەڕووی لێدانێکی زۆر بەهێزتر دەبنەوە.

ترەمپ دەشڵێت: من هێشتا پێم وایە ئێران ڕێککەوتنی دەوێت، و چاوەڕێم پێشنیازێکی نوێکراوەم بۆ بنێرن.