بەغدا – INA

خالید شوانی، وەزیری داد، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە لە پابەندبوونی وەزارەت بە چەسپاندنی بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت و پەیڕەوکردنی شێوازە نوێیەکان لە بەڕێوەبردنی دادوەری و چاکسازیدا، بەجۆرێک کە متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر بکات.

شوانی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ پێدانی متمانە بە کۆدەنگی بە مەبەستی ڕاسپاردنی ئێمە بە ئەرکەکانی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی پێکهاتەی حکومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی."

وتیشی: "ئەم متمانەیە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی گەورە و ئەمانەتێکە کە پێویستی بە کارکردنی جیدی هەیە بۆ خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی،" هەروەها جەختی کردەوە لەسەر "پابەندبوون بە کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی بەرز بۆ پەرەپێدانی فەرمانگە دادوەری و چاکسازییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای کارگێڕی، خزمەتگوزاری و یاسایییان."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەت کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی مافی هاووڵاتییان و چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، جگە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازیی کارگێڕی و پەیڕەوکردنی شێوازە نوێیەکان لە بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دادوەری و چاکسازییەکاندا، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی هاووڵاتییان بێت."

شوانی جەختیشی کردەوە لەسەر "پەرۆشی وەزارەت بۆ هاوکاری لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی تەشریعی (یاسادانان) و دادوەری، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی سیستەمی دادپەروەری و سەرخستنی ڕێڕەوەکانی چاکسازی و خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای عێراق."