بەغدا - INA
حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەندین پیرۆزبایی بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێگەیشت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" لە پۆستێکدا لەسەر سەکۆی (X) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وەریگرتووە ڕایگەیاند: جوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران دەکەین، بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان .
جەختیشی لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ لە کاتی وەرگرتنی ئەرکە جێبەجێکارییەکانیدا کردەوە، و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک وەزیران و ئەندامانی حکومەتەکەی خواست؛ لەپێناو خزمەتکردنی عێراق و عێراقییەکان.
هاوکات محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی "تەقەدووم" لە پۆستێکدا لەسەر سەکۆی (X) ڕایگەیاند: پیرۆزبایی لە برا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن حکومەتەکەیەوە."
وتیشی: داوا لە خودای گەورە دەکەین کە لەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا سەرکەوتووی بکات، و قۆناغی داهاتوو ببێتە قۆناغی سەقامگیری و خزمەتی ڕاستەقینە بۆ عێراق و ڕۆڵەکانی.
هەروەها ڕەشید عەزاوی، ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی عێراقی پیرۆزبایی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خۆی و وەزیرەکان خواست.
هاوپەیمانی "نەسڕ"یش لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی "پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە وەزیرەکان و سەرۆکەکەیەوە" کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی حکومەت لە عێراقدا وێستگەیەکە کە ڕەنگدانەوەی ڕێڕەوی دیموکراسیی سیستەمەکەیە، سەرەڕای ئەو تەحەدی و ئاڵۆزی و بەرژەوەندییە تەسکانەی کە هەبوون و هەن.
ئاماژەی بەوەش کرد: لە کاتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە لە قۆناغەکانی ڕابردووی تەمەنی حکومەتەکاندا بەدیهاتووە، جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر خاڵە ئەرێنییەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی دەکەینەوە، بە شێوەیەک کە متمانەی گەل بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز بکات.
هاوپەیمانی "سیادە" گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و ئەندامانی حکومەتەکەی کرد و ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ دادەنێین کە پێویستی بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکان هەیە،جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت لە داڕشتنی کارنامە وەزارییەکەیدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە پێشووانەی کە تەواو نەکراون.
هاوپەیمانییەکە جەختی لەسەر گرنگیی دۆسیە مافپەروەری و مرۆییە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە کە چاوەڕێی چارەسەری کرداری و مەیدانی لە حکومەت دەکەن، لە سەروویانەوە دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان، یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕانەوەی شکۆمەندانەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جگە لە بەدیهێنانی هاوسەنگیی نیشتمانی لە ڕێگەی چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشیی ڕاستەقینە و یەکسانیی هەلەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، و کارکردن بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
هەروەها جەختی لە پێویستیی گرتنەبەری چاکسازیی ئابووریی جدی کردەوە، کە لەسەر بنەمای هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت بێت، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ باشترکردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان.
هاوپەیمانی خزمەتگوزارییش ستایشی دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد کە بووە هۆی بەخشینی متمانە بە حکومەتەکەی عەلی فالح ئەلزەیدی و دەنگدان لەسەر کابینە وەزارییەکە، و وەک "شایستەیەکی دەستووری کە ڕەنگدانەوەی گەیشتنی ئەزموونی دیموکراسییە وەسفی کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ئەم ڕێڕەوە نیشتمانییەی کرد و جەختی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هاووڵاتیان و هەڵبژاردە دیموکراسییەکانیانە، و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی بنەماکانی سیستەمی دیموکراسی.
پاڵپشتیی خۆشی بۆ هەوڵە چاوەڕوانکراوەکانی حکومەت دەربڕی و داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەکان کرد دەنگدان لەسەر ئەوەی کە لە پێکهاتەی وەزاری ماوەتەوە تەواو بکەن، تاوەکو دامەزراوەی جێبەجێکاریی دەوڵەت تەواو بێت و ئەدای حکومی بەهێزتر بێت لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی گەشەپێدان و سەقامگیریدا.

