بەغداد - INA

سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم محەمەد خزەیری وەک کاندیدی هاوپەیمانییەکە بۆ وەزارەتی نەوت لە حکومەتی نوێدا ڕاگەیاند.

هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سودانی، پێشوازیی لە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگای بەسرە کرد بە ئامادەبوونی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە."

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگترین پێشهاتەکانی وڵات و ڕێڕەوەکانی پێکهێنانی حکومەت، و تێیدا سودانی بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە کە سەرکردایەتی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان یەکێک لە ڕۆڵەکانی پارێزگای بەسرە بە ناوی باسم محەمەد خزەیر، کە خاوەن شارەزایی و لێهاتووییە، بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی نەوت لە پێکهاتەی حکومەتی نوێدا هەڵبژاردووە."

هەروەها سودانی داوای لە نوێنەرانی بەسرە کرد کە "پاڵپشتی ئەم کاندیدکردنە بکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکان بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە و ڕاپەڕینی ئابووری لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا."