بەدواداچوون - INA
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە و هێرشە موشەکییەکان چەند پێگەیەکی پەیوەندیدار بە گرووپە عێراقییەکانیان لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە بەشێکن لە شێوازێکی فراوانتری وەڵامدانەوە سەربازییەکان لە دەوروبەری کەنداو، کە تا ڕادەیەکی زۆر بە شاراوەیی مابوونەوە لە کاتی ململانێیەکدا کە تەواوی ناوچەکەی کێش کردووە لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتدا.
هەروەها بڵاویكردەوە: هێرشەكانی سعوودییە لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی سعوودیە بۆ سەر ئامانجەکانی گرووپە چەکدارەکان لە نزیک سنوورەكانی باکووریی شانشین لەگەڵ عێراق ئەنجامدراون، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی و کەسێکی ئاگادار لە بابەتەکە. ئەو بەرپرسە ڕۆژئاواییە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە هێرشەکان لە دەوروبەری کاتی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ٧ی نیساندا ڕوویانداوە.
لە ڕاپۆرتی ئاژانسەکەدا هاتووە: هێرشەکان ئەو شوێنانەیان کردووەتە ئامانج کە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانیان لێوە ئاڕاستەی سعوودیە و وڵاتانی تری کەنداو کراوە، بەپێی ئیدعاکانی سەرچاوەکە.
ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە دەڵێت عێراقین و پشتیان بە هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان بەستووە، گواستوویەتییەوە کە لە لانی کەم دوو بۆنەدا هێرشی موشەکی لە خاکی کوەیتەوە بەرەو عێراق ئاڕاستە کراون، کە لە نیسانی ڕابردوودا پێگەی گرووپە چەکدارەکانیان لە باشووری عێراق کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی شەهیدبوونی چەند شەڕکەرێک.
ڕۆیتەرز دەڵێت: نەیتوانیوە دیاری بکات ئایا ئەو موشەکانەی لە کوەیتەوە هەڵدراون لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کوەیتەوە بووە یان سوپای ئەمریکا کە ئامادەییەکی زۆری لەوێ هەیە، و سوپای ئەمریکاش ڕەتیکردووەتەوە لێدوان بدات، هەروەها وەزارەتی ڕاگەیاندنی کوەیتیش وەڵامی نەداوەتەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، بەپێی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاندووە: شانشین هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و خۆڕاگری و "کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات لە پێناو سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی ناوچەکە"، بەڵام باسی لە پرسی هێرشەکان بۆ سەر عێراق نەکردووە.

