بەغداد – INA – نەسار حاج
وەزارەتی تەندروستی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تۆمارکردنی ٤ حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە نەخۆشی داء الكلب (هاری) لەم ساڵدا ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە و دەمارە کۆئەندام تووش دەکات، و پێویستە لە کاتی بەرکەوتن بە گەستنی سەگدا دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتەکە سەیف بەدر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "دواین ئاماری تووشبوون بە نەخۆشی هاری لە هەفتەی ١٩ی ساڵی ٢٠٢٦دا، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانە لە سەرانسەری عێراقدا"، ڕوونیشیکردەوە: "ئەم نەخۆشییە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانیدا بە ڕێژەی ١٠٠٪ کوشندەیە."
ئەوەشی خستەڕوو: "هەر چوار تووشبووەکە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە، حاڵەتی یەکەم لە زیقار، دووەم لە بابل، سێیەم لە بەغداد/ ڕەسافە و چوارەمیش لە ئەنبار بووە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "نەخۆشی هاری ڤایرۆسێکی زۆر مەترسیدارە و تووشی دەمارە کۆئەندام دەبێت، بەگشتی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی سەگەوە دەگوازرێتەوە و زۆر بە دەگمەنیش لە ئاژەڵەکانی تردا تۆمار دەکرێت."
باسی لەوەشکرد: "ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی گەستنی سەگەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە چەند ڕۆژێکە و ئەوەش تەنها هەلی گونجاوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسەی کە ڕووبەڕووی گەستنی سەگی تووشبوو بە هاری بووەتەوە."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "مەرج نییە هەموو گەستنێکی سەگ بەو مانایە بێت کە سەگەکە تووشی هاری بووە، بەڵام ئێمە وەک لایەنی پزیشکی وا دادەنێین کە هەر گەستنێک ئەگەری ئەو مەترسییەی تێدایە، بۆیە وەک حاڵەتێکی گومانلێکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەین"، و ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو چەند ڕۆژە کەمە تەنها کاتی بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ لە ڕێگەی ڤاکسین و دەرمانی تایبەت کە دەبێت دەستبەجێ بدرێت، ئەمەش خاڵی سەرەکییە لە ڕزگارکردنی ژیاندا."
باسی لەوەشکرد: "هەر کەسێک خۆی یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بەر گەستنی سەگ کەوت، دەبێت ڕاستەوخۆ سەردانی نزیکترین دامەزراوەی تەندروستی یان نزیکترین نەخۆشخانە بکات، لەوێ ڕێکاری تایبەت بە پاککردنەوەی برینەکە و لێدانی ڤاکسینی تایبەت لە ناو خودی برینەکەدا هەیە، لەگەڵ پڕۆتۆکۆڵێکی چارەسەری بۆ کوتانی ڤاکسینەکان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو لە چەند ژەمێک کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەستنیشان دەکرێن و چاودێری حاڵەتەکە دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ئەگەری گەیشتنی نەخۆشییەکە بە قۆناغی دەرکەوتنی نیشانە دەمارگیرییەکان و وڕێنەکردن، ئەوا بە گیانلەدەستدانێکی مسۆگەر کۆتایی دێت و کاتەکە تێپەڕیوە."
جەختیشیکردەوە: "تەواوی ئەو حاڵەتانەی گیانلەدەستدان کە تۆمارکراون بۆ ئەو کەسانە بووە کە پابەند نەبوون بە سەردانیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان، و بەداخەوە دوای دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانیان کردووە و کاتەکە تێپەڕیبوو"، ڕوونیشیکردەوە: "لێرەدا هەمیشە تێگەیشتنێکی هەڵە دروست دەبێت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەکە بەوەی چارەسەری پێویستی بۆ حاڵەتەکە نەکردووە، لەکاتێکدا دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە هیچ چارەسەرێکی کاریگەر بوونی نییە و ئەگەری مردن ١٠٠٪ مسۆگەرە."