بەدواداچوون- INA

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە یەکەم مانگی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: ٦٧ کەشتی ناچار کراون ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن وەک جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە.

سێنتکۆم لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە: "ماوەی چوار هەفتەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆیەکی چڕی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتیانەی ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێی دەردەچن"، ڕوونیشیکردەوە: "ئەم گەمارۆیە ئامانجی بڕینی دەمارە ئابوورییەکانی ئێرانە لە دڵی ململانێ سەربازییەکاندا."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی گەمارۆکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزێکی گەورەی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە کە زیاتر لە ١٥ هەزار سەرباز، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕی، لەگەڵ ٢٠ کەشتیی جەنگی گەورە لەخۆدەگرێت."

فەرماندەیی ناوەندی دەرەنجامەکانی پڕۆسەکەی تا ئێستا بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون کردەوە:

• ناچارکردنی ٦٧ کەشتیی بازرگانی بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەکانیان و پابەندبوون بە قەدەغەکردنەکە دوای هۆشداریدانی هێزەکانی ئەمریکا.

• ڕێگادان بە تێپەڕبوونی تەنها ١٥ کەشتیی مرۆیی کە هاوکارییان هەڵگرتبوو.

• پەکخستن و ڕاگرتنی چوار کەشتی کە ڕەتیانکردبووەوە پابەندی ڕێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرەتای ئەم هەفتەیە، هێزەکانی ئەمریکا دوو کەشتیی بازرگانی تریان ناچار کردووە بگەڕێنەوە دوای ئەوەی وەڵامی پەیوەندییە بێتەلەکانیان نەدابووەوە، بە جۆرێک هێزەکان تەقەی هۆشداریدانی سووکیان بە ئاڕاستەیاندا کردووە و ئەوەش ناچاری کردوون دەستبەجێ پاشەکشە بکەن."

سێنتکۆم تەئکیدیکردەوە: "ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و هێزەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە ئامانجی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بێت."