بەغداد – INA
دەستەی گشتی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشبینی کرد وڵات ڕووبەڕووی شەپۆلێکی خۆڵبارین ببێتەوە لە ڕۆژی هەینی داهاتووەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ١٥ی ئایار، ئاماژەی بەوەشکرد: توندییەکەی لە هەندێک ناوچە بەرز دەبێت.
لە ڕاپۆرتی بەشی پێشبینی کەشوهەوای سەر بە دەستەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بینیویەتی، هاتووە: "دەرەنجامی مۆدێلە ژمارەییەکانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵات، لەگەڵ بەشەکانی باشووری ڕۆژئاوا، دەکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی خۆڵبارین کە توندییەکەی لە نێوان مامناوەند بۆ چڕ دەبێت لە ڕۆژی هەینی داهاتوودا."
ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە: "شەپۆلەکە لە ئەنجامی پاڵنانی بارستە هەوایەکی پلە گەرمی مامناوەندە کە بایەکی باکووری ڕۆژئاوای چالاکی لەگەڵدایە و خێراییەکەی دەگاتە (٥٠ - ٦٠) کم لە کاتژمێرێکدا."
راشیگەیاند: "کاریگەرییەکە لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا بەهێز دەبێت، چونکە پێشبینی دەکرێت مەودای بینین بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە بۆ کەمتر لە ١ کیلۆمەتر."
بەشی پێشبینی ئاماژەی بەوەکردووە: "کاریگەری تۆز و خۆڵەکە بە توندییەکی کەمتر بەرەو ناوچەکانی تری وڵات درێژ دەبێتەوە لە کاتژمێرە درەنگەکانی ڕۆژ و ئێوارەی ڕۆژی هەینیدا، لەگەڵ بەردەوامی چالاکی با و تۆز و خۆڵ بە شێوەی پچڕپچڕ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور لە ماوەی ڕۆژی شەممە کە هاوکاتە لەگەڵ ١٦ی ئایار."
دەستەکە داوای لە هاوڵاتییان کردووە، بەتایبەتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا دەرەکییەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشی هەستیاری (حەساسییە) و تەنگەنەفەسییان (ڕەبۆ) هەیە، "ئاگادار و وشیار بن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لە شوێنەوارەکانی شەپۆلی تۆز و خۆڵەکە."