هەولێر - INA
ئەمرۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمرۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.
باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە ، سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی حکومەت دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستییان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی ڤاتیکان ئاماژەشی بەوە دا کە کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و نزای پێشکەوتن و خێر و ئاشتی بۆ دەکات.
چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

