بەغداد - INA - ویسام مەلا
سەرۆکی زانکۆی تەکنیکیی ناوەڕاست، وەزاح تەمیمی، ئەمڕۆ چوارشەممە پەردەی لەسەر پلانێکی گشتگیر لادا بۆ کردنەوەی بەشی نوێ کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا دەگونجێت.
تەمیمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند: "ناوەندی گەشەپێدانی تەکنەلۆژی لە زانکۆ بریتییە لە بەرهەمێکی مەعریفی کە بە هاوکاری کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کاردەکات بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان لەبەردەم خوێندکاران."
ڕوونیشیکردەوە: "زانکۆی تەکنیکیی ناوەڕاست یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە بەرزترین ڕێژەی دامەزراندنی دەرچووانی هەیە لە نێوان زانکۆکاندا، ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچەی (زەعفەرانییە)ن، چونکە ناوچەیەکی پیشەسازییە؛ ئەم کارە هاوکار بووە لە لەخۆگرتنی خوێندکاران و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان."
ئاماژەی بەوەشدا: "زانکۆ هاوشانی گۆڕانکارییەکانی دەرەوە و ئەوەی لە دەرەوەی زانکۆ و وڵات ڕوودەدات هەنگاو دەنێت، و پلانێکی گشتگیر هەیە بۆ کردنەوەی بەشی نوێ کە سەرنجڕاکێش بن و لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێن."
هەروەها وتی: "زانکۆ بە کۆلێژی ژیریی دەستکرد دەستی پێکردووە کە هەردوو لقی ئاسایشی سایبەری و ژیریی دەستکرد لەخۆدەگرێت، جگە لە پسپۆڕییەکانی ئامێرە زیرەکەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ، کارەکانیش بەردەوامن بۆ هێنانەکایەی پسپۆڕیی هاوچەرخ کە زۆرترین ژمارەی خوێندکار ڕابکێشن، لە بەرامبەردا داخستنی ئەو پسپۆڕییانەی کە چیتر سەرنجڕاکێش نین."

