نێودەوڵەتی – INA

محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی پاکستاندا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، هاتووە: "محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لەگەڵ وانگ یی هاوتا چینییەکەی، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی ئیسلام ئابادیان بۆ نێوەندگیری بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ کرد."

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی ئاگربەست بە شێوەیەکی هەمیشەیی و دەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئاسایی لە گەرووی هورمز کردووەتەوە."

بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، لە پەکین کۆبوونەوەیەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین بەڕێوەبچێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە، و پەلەشمان نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."