بەغدا – INA

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارە مەترسیدارەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری لە پارێزگای بەسرە ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "لە گورزێکی ئەمنیی نوێ و جۆریدا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی بەسرە، پشت بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری، توانییان یەکێک لە تۆمەتبارە مەترسیدارەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن، ئەمەش دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی توندوتۆڵ کە بە لێهاتووییەکی بەرز جێبەجێ کرا."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئاماژەی بەوەش كراوه‌ كه‌: "هێزە ئەمنییەکان توانییان تۆمەتبارەکە لە ناو ماڵەکەیدا بە تەواوی گەمارۆ بدەن، لە کاتێکدا ناوبراو هەوڵیدابوو ئەو ماددە هۆشبەرانەی پێی بووە لەناویانبەرێت، هاوکات هەوڵی ڕاکردنیشی دابوو لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی نهێنییەوە کە لە ناو ماڵەکەیدا بۆ هەڵاتن لە دەستی دادپەروەری ئامادەی کردبوو. بەڵام چاوکراوەیی و لێهاتوویی پاڵەوانانی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی بەسرە ڕێگر بوون، پلانەکەیان بە تەواوی پووچەڵکردەوە و دەستگیریان کرد بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێکی بۆ ڕاکردن پێ بدەن."

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگه‌یندراوه‌كه‌دا جەختی کردەوە لە "بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ ڕاوەدوونانی بازرگانانی ژەهر و وشککردنی سەرچاوەکانی ماددەی هۆشبەر، و هیچ کەمتەرخەمییەک ناکرێت بەرامبەر هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە و سەلامەتی ڕۆڵەکانی بدات." هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە ستایشی ڕۆڵی گەورەی دادوەریی عێراقی و بڕیارە بوێرەکانی کرد لە پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هەوڵەکانیان بۆ ڕاوەدوونانی بازرگانان و بڵاوکەرەوەکانی ماددەی هۆشبەر، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی کۆمەڵگە لەم پەتایە مەترسیدارە.