نێودەوڵەتی – INA
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی کردەوە کە ئاستی هەڕەشە تەندروستییە جیهانییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" هێشتا سنووردارە، هاوکات هۆشداری نوێی خۆپارێزی دەرکرد.
لە بەریتانیا، ٢٠ هاووڵاتی بەریتانی لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەڵمانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە و گەشتیارێکی ژاپۆنی، گواستراونەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئینگلتەرا. لەوێ لەژێر ڕێکاری کەرەنتینەی خۆپارێزیدان کە ئەگەری هەیە تا ٤٥ ڕۆژ بخایەنێت، لەگەڵ بەدواداچوونی پزیشکی و پشکنینی خولیی لەژێر سەرپەرشتی دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتمانییەکان (NHS) و ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA).
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆمەڵێک ڕێکاری خۆپارێزی بۆ سنووردارکردنی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە پێشنیاز کردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
· دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن لەگەڵ تووشبووان یان نزیکبوونەوە لە قرتێنەرەکان (وەک مشک).
· پاراستنی پاکوخاوێنی ماڵ و شوێنی کار.
· داخستنی ئەو کون و ڕێڕەوانەی ڕێگە بە چوونەژوورەوەی قرتێنەرەکان دەدەن.
· هەڵگرتنی ماددە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و توندوتۆڵ.
· پەیڕەوکردنی شێوازی پاککردنەوەی تەندروست لەو ناوچانەی بە پاشماوەی قرتێنەرەکان پیس بوون.
· دوورکەوتنەوە لە گسکدانی وشک یان بەکارهێنانی گسکی کارەبایی بۆ پاشماوە پیسبووەکان؛ پێویستە پێش پاککردنەوە بە شێ بکرێنەوە.
· بەردەوامبوون لەسەر شتنی دەستەکان و برەودان بە پاکوخاوێنی کەسی.
لە دوایین نوێکردنەوەیدا لە ڕێکەوتی ١١ی ئایار، ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لە ناوچەی (Wirral)ن تا ئێستا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە، ئاژانسەکە جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێکاری توندی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە کردووەتەوە و مەترسییەکەشی بۆ سەر گشتی خەڵک بە "زۆر نزم" وەسف کردووە.
لای خۆیەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند: "هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانتری ڤایرۆسی هانتا، بەڵام ئەگەری دەرکەوتنی حاڵەتی نوێ بەدوور نازانرێت."
گێبرێیسوس لە مەدرید بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک بۆ بڵاوبوونەوەیەکی گەورەتر نییە، بەڵام بێگومان ڕەنگە دۆخەکە بگۆڕێت. بەهۆی درێژی ماوەی مانی ڤایرۆسەکە (Inkubation period)، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا حاڵەتی زیاتر ببینین."
