بەغداد – INA

دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی تۆز و خۆڵی کرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵات دەبێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.

دەستەی گشتی کەشناسی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "نوێترین وێنەی مانگە دەستکردەکان لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاماژە بە بەدیارکەوتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین لەسەر خاکی سووریا دەکەن، کە بەهۆی باوی باکووری ڕۆژئاوای مامناوەند کە هەندێک جار چالاک دەبێت، بەرەو وڵاتەکەمان پێشڕەوی دەکات."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەم شەپۆلە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵات و بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەیی مەودای بینینی ئاسۆیی بە پلەی سووک بۆ مامناوەند، بەتایبەتی لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا."