بەغداد- INA
وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێنماییەکانی تاقیکردنەوەی خێراکردنی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦ ڕاگەیاند.
وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه "هەموارکردنەوەی نوێ بۆ ڕێنماییەکانی تاقیکردنەوەی خێراکردن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦ پەسەند کراوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی قوتابیانی لێهاتوو و ڕەخساندنی دەرفەتی فراوانتر لەبەردەمیان بۆ بەردەوامبوون لە کاروانی خوێندنیان بەپێی پێوەرگەلێک کە ڕەچاوی باڵایی و سەرکەوتنی زانستی دەکات."
ڕوونیشیکردەوە کە: "کۆنمرەی وەرگرتنی ئەو قوتابیانەی داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ تاقیکردنەوەی خێراکردن بۆ پۆلی پێنجەمی سەرەتایی و دووەمی ناوەندی بووە بە (٩٧) لەبری (٩٨) بەبێ زیادکردنی کەرتەکان (جبر الكسور)، لە کاتێکدا کۆنمرەی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی پێنجەمی زانستی بووە بە (٩٣) تەنها لە بابەتێک یان دوو بابەتدا، بە مەرجێک کۆنمرەی بابەتەکانی تری لە (٩٦) کەمتر نەبێت."
ههورهها ئهوهیش هاتووه كه: "بڕیاردراوە پێشکەشکارانی تاقیکردنەوەی خێراکردن لە مەرجی تەمەن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦ ببەخشرێن، تاوەکو ئەو قوتابیانەش بگرێتەوە کە لە تەمەنی (٥) ساڵیدا ناونووس کراون و هەروەها ئەوانەی لە تەمەنی (٧) ساڵیدا ناونووس کراون، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ وزە بەهرەمەندەکان و هاندانی بەهرە زانستییە پێشوەختەکان."
وەزارەت داوای لە قوتابیان کردووە کە: "سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە بکەن بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دڵنیابوونەوە لە گونجانی مەرجەکانی تری تایبەت بە ڕێنماییەکانی خێراکردن،" ئاماژەی بەوەش کردووە کە "دوا وادە بۆ وەرگرتنی مامەڵەکان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ / ٥ / ٢٠٢٦ دەبێت."



