بەغداد ـ INA
وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستی و ڤێتێرنەری پێشوەختەی ڕاگەیاند لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون (الحمى النزفية).
وەزارەتی کشتوکاڵ لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، محەمەد عەزیز میاحی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی کرد لە بارەگای فەرمانگەکە، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامانی لیژنەکە."
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕێکارانە کرا کە پێویستە بگیرێنەبەر لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، و چەندین ڕاسپاردەی لێکەوتەوە، لەوانە: داواکردن لە نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان بۆ پەیوەندیکردن بە نووسینگەی پارێزگارەکان بە مەبەستی کاراکردنی لیژنەکانی چاودێری و پشکنین بە سەرۆکایەتی پارێزگار و بەشداری فەرمانگەکانی تەندروستی، ژینگە، ئاسایشی نیشتمانی، ناوخۆ و ڤێتێرنەری، بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی سەر بڕینی هەڕەمەکیی ئاژەڵ."
هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر: "قەدەغەکردنی گواستنەوەی ئاژەڵ لە ناوچە تووشبووەکانەوە مەگەر بە بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری بێت کە بیسەلمێنێت ئاژەڵەکە چەقەنەی (گەنە) پێوە نییە و لەلایەن نەخۆشخانە یان بنکەی ڤێتێرنەرییەوە دەرچووبێت، جگە لە چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دابەشکردنی فۆڵدەر بەسەر ئاژەڵداران و هاووڵاتییاندا بۆ ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییەکە و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێی."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە: "ئەم ڕێکارانە ئامانجیان پاراستنی تەندروستی گشتی، کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، و مسۆگەرکردنی سەلامەتیی ئاژەڵی قوربانییە لە ماوەی وەرزی جەژندا."

