بەغداد – INA
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، فەریق سەعد مەعن، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانی یان بوونی بنکەی سەربازیی بیانی لە ناوچەی بیابانی نوخەیب ڕەتکردەوە.
مەعن لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (العراقية الإخبارية) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA ) دوای خۆی بڵاویكردهوه تێیدا، ڕایگەیاند: "ئێوارەی ٢ی ئازاری ٢٠٢٦، زانیاری لە سەرچاوەکانمانەوە گەیشتە هێزە ئەمنییەکانی نیشتەجێ لە ناوچە سنوورییەکانی بیابانی نوخەیب سەبارەت بە هەبوونی هێزێک لەو ناوچەیەدا، هێزە ئەمنییەکانیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە پیشەییبوونێکی بەرزەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جوڵان."
وتیشی: "لە ڕۆژی دواتردا، هێزێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتن و هێزەکانی سنووریش دەورێکی گەورەیان هەبوو، لەوێدا پێکدادان ڕوویدا دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر یەکەکانمان، کە بووە هۆی شەهیدبوونی شەڕکەرێک و برینداربوونی دووانی دیکە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزەکان لە شوێنەکەدا جێگیر بوون و فەرماندەییش لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بوو لەگەڵیان، ڕۆژی دواتریش هیچ شوێنەوارێکی ئەو هێزە دوژمنکارانە نەدۆزرایەوە."
مەعن ڕوونی کردەوە کە "وەفدێکی میدیایی و ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆ لە مەیدانییەوە ئاگاداری ڕاستییەکان بوون و هەمان ئەو شتەیان گواستەوە کە هەیە،" جەختیشی کردەوە کە "ئەو دەنگۆیانەی باس لە دابەزینی ئاسمانی یان بوونی بنکەی سەربازی دەکەن، ناڕاستن و زیادەڕۆییان تێدا کراوە، پێویستە هەمووان لە گواستنەوەی زانیاریی ڕاست و ورددا پابەند بن."
ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی، بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی کێوماڵکردن و دەوریە لە هەموو کەرتەکاندا، ئەم هەوڵانەش لە سەرەتای ساڵەوە بەردەوامن بۆ ڕێگریکردن لە هەر پرۆسەیەکی قاچاخچێتی، تاوان یان تیرۆر.
لە کۆتاییدا فەریق سەعد مەعن وتی: "یەکەکانمان لە قووڵاییدا جێگیرن، لەوانەش فەرماندەیی سنوور و لیوای ٤١،" تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان بە وردی هەماهەنگی کارەکانیان دەکەن سەرەڕای فراوانیی ناوچە بیابانییەکان، و ئەم گەورەکردنە میدیاییە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەدای قارەمانانی دامەزراوە ئەمنییەکان نابێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.

