بەغدا – INA – فاتیما ڕەحمە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پلاندانان، دابەزینی ڕێژەی هەژاری بۆ 17% و بێکاری بۆ 13% لە ساڵانی کۆتاییدا ڕاگەیاند، جەختیشی لە داڕشتنی سیاسەتەکانی بازاڕی کار بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی وەبەرهێنانەکانی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵەدا نزیکەی 84 تریلیۆنە.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "عێراق لە ساڵانی کۆتاییدا دابەزینی لە ڕێژەی هەژاریدا تۆمارکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی ڕێکارەکانی حکومەت و هاوکاری کەرتی تایبەت، بەڵام هێشتا کێشەکە بەردەوامە"، جەختیشی کردەوە کە "هەژاری لە 22%ەوە بۆ 17% دابەزیوە، و بێکاریش لە 16%ەوە بۆ 13%".
وتیشی: "وەزارەتی پلاندانان کۆنفرانسێکی زانستی بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامدا، بە بەشداری سەرۆک زانکۆکان، ڕاگری کۆلێژەکان، مامۆستایان، شارەزایان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت؛ بە مەبەستی گەیشتن بەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێکاری و چارەسەرکردنیان، چونکە ناسینی هۆکار نیوەی چارەسەرە".
ڕوونیشیکردەوە کە "ئەو ئەنجام و ڕاسپاردانەی لە کۆنفرانسە زانستییەکەوە کەوتوونەتەوە، بەرز دەکرێنەوە بۆ حکومەتی داهاتوو بۆ گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی پێویستە جێبەجێ بکرێن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی بێکاری و ئەوەی لێی دەکەوێتەوە وەک هەژاری، تاوان و داڕمانی کۆمەڵایەتی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە لەلایەن حکومەتی داهاتووەوە وەردەگێڕدرێن بۆ سیاسەتی کارگێڕی و سیستەمێکی کاری مەیدانی".
ئاماژەی بەوەش کرد: "کەرتی تایبەت تەوەرێکی گرنگە لە میکانیزمی ئەو چارەسەرانەی پێشنیارکراون بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و کۆنترۆڵکردنی هەژاری، بەو پێیەی کۆنفرانسە زانستییەکە سەرنجی خستە سەر کەرتی تایبەت و ڕێڕەوەکانی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە، لە ڕووی ڕێژەی وەبەرهێنان لەو کەرتەدا کە دەگاتە 35% لە ماوەی پێنج ساڵدا، واتە 84 تریلیۆن قەبارەی ئەو وەبەرهێنانانەیە کە کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێداندا ئەنجامی دەدات"، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بۆیە پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستین وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ گەشەپێدان، ئەمەش وای کردووە بە هێزییەوە لە لێکۆڵینەوەی کێشەکە و داڕشتنی سیاسەتەکان و جێبەجێکردنیان لە مەیداندا ئامادەیی هەبێت".
لە کۆتاییدا وتی: "وەزارەتی پلاندانان وێنەیەکی ڕوونی لەسەر دیمەنەکە لە عێراق داڕشتووە، بەپشت بەستن بە داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، و پشتبەست بە توێژینەوەکانی ڕووپێوی مەیدانی کە ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراون، کە تێیدا نەخشەی بازاڕی کارمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کێشاوە؛ بۆ بەدیهێنانی گونجاندن لە نێوان دەرچووانی زانکۆکان و پێداویستی بازاڕی کار".