بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردە، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی سەرەتایی بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026 ڕاگەیاند.

وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوە وزارییەکانی قۆناغی شەشی سەرەتایی بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026 تەواو کردووە، کە بڕیارە بەیانی سبەی سێشەممە ڕێکەوتی 5/12 دەست پێ بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی ڕێکخراوی گشتگیردا کە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی جێگیر و ئارامە بۆ تاقیکردنەوەکان لە بەغدا و تەواوی پارێزگاکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێکارە ئەنجامدراوەکان بریتی بوون لە ئامادەکردنی بنکەکانی تاقیکردنەوە، دابەشکردنی چاودێرەکان، و ڕێکخستنی میکانیزمی دابەشکردنی قوتابیان بەپێی سنووری جوگرافی، جگە لە دەستکردن بە دابەشکردنی ناسنامەی تاقیکردنەوە بەسەر بەشداربوواندا."

ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەت لەگەڵ تەواوی لایەنە ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکان هەماهەنگی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی پلانی تاقیکردنەوەکان و سەرخستنی پڕۆسەکە"، ڕوونیشیکردەوە کە "پرسیارەکانی بابەتەکانی خوێندن تەنیا لەو پڕۆگرامە دەبن کە بڕیاری لەسەر دراوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو بەشانەی پێشتر سڕدراونەتەوە ، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسانکارییەکی زۆر و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان."