بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند کە بەنیازە ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنییەکان بانگهێشت بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی باس لە تۆمارکردنی پێشێلکاری و چالاکیی سەربازی بیانی" دەکەن لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی کەربەلا و ئەنبار، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت.
"کەریم علیوی محەمەداوی" ئەندامی لیژنەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: پێشتر و لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، هۆشداریمان دابوو لە بوونی جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان کەربەلا و ئەنبار.
ئاماژەی بەوەشکرد: کە زانیارییەکان لە ڕێگەی چاودێری جوتیارێکی عێراقی گەیشتوون و لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە کە پرۆسەی گەڕان و پشکنینیان بۆ ناوچەی ناوبراو ئەنجامداوە.
محەمەداوی وتیشی : ئەو هێزە عێراقییەی ڕاسپێردرابوو بە پشکنین، ڕووبەڕووی هێرشێکی ڕاستەوخۆ بووەوە کە بووە هۆی شەهیدبوونی ئەفسەرێک و برینداربوونی سەربازێک.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ هەوڵدان دەکەن بۆ بەکارهێنانی ئەو ناوچانە وەک خاڵی پاڵپشتی بۆ کردەوە سەربازییەکان کە لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەنە ئامانج.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لیژنەکە لە پرۆسەی بانگهێشتکردنی فەرماندە ئەمنییەکانە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بەرپرسانی ئەو کەرەتانە، بۆ دیاریکردنی سروشتی ئەو هێزانە و شوێنەواری بوونیان، هەروەها بۆ ئاگاداربوون لە ڕێکارە حکومییەکان بەرامبەر بەم پێشێلکارییە سەروەرییە.
ئاماژەی بەوەشکرد : ئامانج لە بانگهێشتکردنەکە هاندانی حکومەتە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی فەرمی و توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە تێوەگلانی لە پێشێلکردنی خاکی عێراق بسەلمێنرێت.
لە لایەکی ترەوە، فەریق سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، جەختی کردۆتەوە : کە هیچ پرۆسەیەکی دابەزینی (ئینزال) نوێ لە بیابانی کەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف ئەنجام نەدراوە، و کەرتە ئەمنییەکان لە ڕێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە ڕاسپاردە و بەدواداچوونی فەرماندەیی، بەردەوام بوون لە پشکنینی تەواوی کەرتەکانی ئۆپەراسیۆن لە سەرجەم عێراق و ناوچە بیابانییەکان، لەنێویاندا ئەو ناوچەیەی کە لە مانگی ئاداری ڕابردوو پرۆسەی دابەزینی تێدا روویدا، و لە کاتی پشکنینەکاندا لە مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا، هیچ بوونێکی ئەم هێزانە یان هەر هێزێکی تری بێ مۆڵەت و ئامێر و کەرەستەیەکی تریان نەدۆزیوەتەوە.