بەغداد - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی ،سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک و ژینگەیی، هاوکات ئاماژەی بە پەرۆشی حکومەت کرد بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەگۆڕینیان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان یان ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دانیشتوانیاندا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران ،پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای بەغداد.

بەگوێرەی بەیاننامەکە: سودانی ، لە دیدارەکەدا بەدواداچوونی بۆ دۆخی خزمەتگوزاری و دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەو ناوچانەدا کرد،و ڕایگەیاند کە حکومەت سوورە لەسەر پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگریکردن لە گۆڕینیان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان یان هەر گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچەکەدا.

سەرۆک وەزیران دووبارە جەختی کردەوە لەسەر گرنگی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک و ژینگەییدا و ڕێنماییدا کە کار بکرێت بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لەسەر ئەو زەوییانە و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە گرنگی پاراستنی ڕووبەرە کشتوکاڵییەکان.