بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئەسیری داود غەریری، وەزیری بازرگانی، دیاریکردنی نرخی فرۆشتنی هێلکەی خواردنی ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا جەختی لە سزادانی سەرپێچیکاران کردەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە ، ئەسیری داود غەریری، وەزیری بازرگانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوردەکردنی کرد، کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە (37)ی ساڵی 2024 پێکهێنراوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بابەتەکانی ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە و وەرگرتنی بڕیار و پێشنیازی پێویست دەربارەیان.
ئاماژەی بەوەش کرد: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی نرخ و باجی گومرگی هێلکەی خواردن کرا، و بڕیاردرا نرخی فرۆشتنی یەک تەبەقە هێلکە بۆ بەکاربەر بە (6000) دینار دیاری بکرێت، هەروەها ڕێژەی (20%)ی باجی گومرگی بۆ ئەو ماددەیە پەسەند کرا، بەو ئامانجەی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕەکاندا بەدی بێت.
غەریری جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە چاودێرییەکان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی چاودێری و ئەمنییەوە کردەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان،و تیشکی خستە سەر پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی یاری بە نرخەکانەوە دەکەن.
هەروەک داوای لە هاوڵاتییان کرد هاوکار بن و لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارە (911)ەوە هەر سەرپێچییەک لەبارەی نرخە دیاریکراوەکانەوە ڕابگەیەنن، ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی دەوڵەت لە پاراستنی بەکاربەر و بەهێزکردنی سەقامگیری دابینکردنی پێداویستییەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.