بەدواداچوون-INA

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەوە کارێکی "لۆژیکی" دەبێت ئەگەر ئەرمەنستان ڕاپرسییەک بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا ئەنجام بدات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتە کە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی مۆسکۆیە، بۆ یەکەمجار میوانداریی لووتکەیەکی ئەورووپی کرد.

ئەم کۆمارەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 2024دا ئەندامێتی خۆی لە "ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ" بە سەرۆکایەتی ڕووسیا سڕکرد، ئەمەش بەهۆی دەستوەرنەدانی ڕووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئازەربایجان.

هەروەها ئەرمەنستان ئارەزووی خۆی بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا نیشانداوە، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەکردنی کرێملین.

پوتین لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە خواستە ئەورووپییەکانی یەریڤان، وتی: کارێکی تەواو لۆژیکی دەبێت ڕاپرسییەک بکرێت و پرسیار لە هاووڵاتیانی ئەرمەنستان بکرێت دەربارەی بژاردەکەیان،بەپێی ئەوەش، ئێمەش بژاردەی خۆمان دیاری دەکەین.

سەرۆکی ڕووسیا دەشڵێت: بەم شێوەیە ڕێگەیەک بۆ جیابوونەوەیەکی لەسەرخۆ،و شارستانی و بەسوود بۆ هەردوولا دەگرینە بەر.

پوتین بەراوردێکی لەگەڵ ئۆکرانیا کرد و وتی: ئێمە هەموومان بەناو ئەو ڕووداوانەدا تێدەپەڕین کە ئێستا لە ئۆکرانیا ڕوودەدەن،بەڵام هەموو ئەمانە چۆن دەستی پێکرد؟ بە هەوڵی ئۆکرانیا بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا.

ڕۆژی دووشەممە، ئەرمەنستان میوانداریی دەیان سەرکردەی کرد، لەوانە "ڤلۆدیمێر زیلینسکی " سەرۆکی ئۆکرانیا، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمەڵەی سیاسی ئەورووپی، ڕۆژی دواتر سێشەممە لووتکەیەکی جیاواز لە نێوان یەکێتی ئەورووپا و ئەرمەنستان لە یەریڤانی پایتەخت بەڕێوەچوو.

دوای کۆتاییهاتنی هەردوو لووتکەکە، ڕووسیا باڵیۆزی ئەرمەنستانی بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر میوانداریکردنی زیلینسکی.