نێودەوڵەتی – INA
فەرماندەیی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانی ڕایگەیاند کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە.
فەرماندەیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سوپای ئەمریکا ئاگربەستی پێشێل کردووە و تانکەرێکی نەوتی ئێرانی و کەشتییەکی تری ئێرانی لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج."
لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: "دوژمنان کەشتییەکی تریان کردووەتە ئامانج کە لە بەرامبەر بەندەری فۆجەیرەی ئیماراتی بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشت، هاوکات ناوچە مەدەنییەکانی کەناراوەکانی (بەندەر خەمیر، سیریک و دوورگەی قەشم) بەرەوڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بوونەتەوە بە هاوکاری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی پاڵپشتی بزانن کە ئێران بە توندی و بێ هیچ دوودڵییەک، وەڵامێکی کوشندەی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە."
