نێودەوڵەتی – INA

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا کارایە و به‌رده‌وامه‌

ترامپ بە تۆڕی "ئەی بی سی" ڕاگەیاند: "ئەو گورزە تۆڵەسێنەرانەی کرانە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە دوای هێرشەکانی ئێران، تەنها زلەیەکی سووک بوون،" جەختیشی کردەوە کە "ئاگربەستەکە بەردەوامە و هێشتا لە ئارادایە."

هەروەها وتی: "سێ تێکشکێنەری ئەمریکی لە ئاستی جیهانیدا، بە سەرکەوتووییەکی گەورە لە ژێر تەقە و بۆردووماندا لە گەرووی هورمز تێپەڕین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەو سێ تێکشکێنەرە تووشی هیچ زیانێک نەبوون، لە کاتێکدا هێرشبەرە ئێرانییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە."

لە نووسینێکیشدا لە سەکۆی "تروس سۆشیاڵ"، ترامپ ڕایگەیاند کە تێکشکێنەرەکان زیانیان بەرنەکەوتووە و هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە چەندین بەلەمی خێرا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک تێکبشکێنن کە ئاڕاستەی کەشتییە ئەمریکییەکان کرابوون.

ترامپ وتیشی کە هێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارەکانیدا لە ناوچەکە لە چوارچێوەی ئەوەی ناوی برد بە "گەمارۆیەکی دەریایی بەهێز".

لە کۆتاییدا ترامپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی دوژمنکارانە" و هۆشداری دا کە واشنتۆن بە توندیتر وەڵام دەداتەوە ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن، هەروەها داوای لە تاران کرد پەلە بکات لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.