بەغدا – INA
وەزارەتی نەوت ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاراستەی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون، و جەختیشی لە ڕێزگرتن لە ڕێکارە یاساییەکان و دەسەڵاتی دادوەری کردەوە.
وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه کە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون. هاوکات جەختیشی کردەوە کە لە کاتێکدا ڕێزی تەواو لە ڕێکارە یاساییەکان و دادگای عێراق دەگرێت، جەختیش لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی دەکاتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو کەیس و تۆمەتەکاندا لەسەر بنەمای بەڵگە و ڕاستییەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ لێکدانەوەیەکی دیکە.
وەزارەت ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئەنجامدانی هەر لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە سەبارەت بەو بابەتەی ورووژێنراوە، ئەمەش لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و دەستەی دەسپاکی، و ڕێزگرتن لە دامەزراوە چاودێری و یاساییەکانی دەوڵەت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە "پڕۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەبازاڕکردن، بارکردنی کەرەستە نەوتییەکان و ڕێکارە پەیوەندیدارەکانیان، لە چوارچێوەی ئەرکەکانی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردندا نین، بەڵکو لایەن و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بەپێی ڕێکار و میکانیزمە پەسەندکراوەکان بەرپرسن لەم دۆسیەیە."
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشتر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا میکانیزمەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی ڕوون کردووەتەوە، و ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە سەبارەت بەم بابەتە ورووژێنراون."
