بەغداد - INA

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا.

فراکسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشییر راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

راشیگەیاند: لێرەوە بە رایگشتی رادەگەیەنین، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان، و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی؛ فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

رونیشیكردەوە: ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەورڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان.