بەغداد – INA– ئەمنە سەلامی

بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنی پلانێکی تۆکمەی لە سێ قۆناغدا بۆ پاراستنی وەرزی دروێنەی ستراتیژی ڕاگەیاند.

بەڕێوبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی نەواس سەباح شاکر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "بەرگری شارستانی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی پاراستنی دروێنەی ستراتیژی بۆ هەردوو بەرهەمی گەنم و جۆ. ئەمەش بەپێی دیدگایەک کە وردی خۆپارێزی و خێرایی وەڵامدانەوە لە مەیداندا کۆدەکاتەوە، بە پشت بەستن بە ستراتیژی (پاڵپشتی ئاڵوگۆڕ)، واتە نەرمی لە جووڵە و کارامەیی لە ئەدائدا."

هەروەها وتی: "پلانەکە بریتییە لە کێشانەوە و بەهێزکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئامێرەکان لە پارێزگاکانی باکوور و ناوەڕاست بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی لە دەوری کێڵگەکانی پارێزگاکانی باشوور لەگەڵ دەستپێکی دروێنەدا؛ واتە تیمەکانی نەینەوا کێڵگەکانی بەسرە، زیقار و میسان دەپارێزن. لەگەڵ کۆتاییهاتنی دروێنە لە باشوور، ئەم هێزە بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا دەچن تا دەگەنە پارێزگاکانی باکوور، بە شێوەیەک کە لە کۆتاییدا تیمەکانی بەسرە و زیقار و میسان دەبنە پاڵپشت بۆ پارێزگای نەینەوا."

ئاماژەی بەوەشکرد: کە "نەینەوا گەورەترین قورسایی هەیە لە ڕووی زۆری بەرهەم و درەنگ پێگەیشتنی، وەک دەزانرێت مەترسییەکە لە دوای پێگەیشتنی تەواوی بەرهەمەکەیە (وشکبوونی تەواو) کە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکات." وتیشی: پلانی بڵاوکردنەوەی تیمەکان وەک پەرژینێکی ئەمنی داڕێژراوە بۆ دەورەدانی بەرهەمەکە لە هەموو قۆناغەکانی پێگەیشتن و کۆگاکردنیدا.

سەبارەت بە قۆناغەکانی پلانەکە، ئەوەی خستە ڕوو، قۆناغی یەکەم: چاندنی ڕۆشنبیری سەلامەتی بوو لە لایەن جوتیارانەوە و پابەندکردنیان بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئاگرکوژێنەوە. قۆناغی دووەم: بڵاوکردنەوەی مەفرەزە و تیمەکانی پاڵپشتییە لە ناو کێڵگەکاندا، کە ئەمە هەستیارترین قۆناغە و پێویستی بە چاوکراوەیی و ئامادەکاری تەواو هەیە. قۆناغی سێیەم: بە هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی سایلۆکان و سەنتەرەکانی بەبازاڕکردن، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی تاوەکو بەرهەمەکە دەگاتە دەستی بەکارهێنەر.