بەغدا - INA - ئامنە سەلامی

ئامانەی بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەو کۆمپانیا چینییەی پڕۆژەی چارەسەرکردنی پاشماوەکان (خاشاک) و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای بۆ دەرچووە، دەستی کردووە بە ئەنجامدانی پشکنینی خاک لەو شوێنەی بۆی دیاریکراوە، هاوکات جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە بە توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات کار دەکات.

عەدی جەندیل، وتەبێژی ئامانەی بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: "ئەم پڕۆژەیە وەرچەرخانێکی جۆرییە لە کەرتی وزەی پاکدا، وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنان لە ڕێگەی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و بە هاوکاری وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی ژینگە و پارێزگای بەغدا سپێردراوە، پڕۆژەیەکی ستراتیژی و وەبەرهێنانی هاوبەشە کە پشت بە تەکنیکی سووتاندنی تەواوەتی دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنی ٣٠٠٠ تەن پاشماوە لە ڕۆژێکدا."

جەندیل ڕوونیکردەوە "ئەو کۆمپانیایەی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، یەکێکە لە کۆمپانیا چینییە باوەڕپێکراو و پسپۆڕەکان لەم بوارە تەکنیکییە پێشکەوتووەدا، بە کردەیی زەوییەکەی وەرگرتووە و دەستی کردووە بە کارە مەیدانییەکان کە لە پشکنینی خاکدا خۆی دەبینێتەوە، هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییە کۆتاییەکان بۆ تەواوکردنی گرێبەستی تایبەت بە پڕۆژەکە."

وتیشی: "لە ماوەی داهاتوودا دەست دەکرێت بە دامەزراندنی کارگە و ئامێرە تەکنیکییە پێویستەکان، ئەمەش پێویستی بە ماوەیەکی دیاریکراو هەیە پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی کارپێکردنی ڕاستەقینە و سووتاندنی پاشماوەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا،" ئاماژەی بەوەش دا کە "پڕۆژەکە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە ژینگەییە ستراتیژییەکان لەناو شاری بەغدا دادەنرێت؛ چونکە بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە شارەکە لە پاشماوەکان ڕزگار دەکات."