بەغدا – INA

ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیاری دەرکرد لە میانی دانیشتنی ئاسایی خۆیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، کە دیارترینیان ڕەزامەندی بوو لەسەر هەموارکردنی نرخی بەرهەمی گەنم و پلانی وەرگرتنی تۆوی پلە باڵاکان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی هەژدەیەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا تاوتوێی کۆی بارودۆخی وڵات کرا، لەگەڵ پێداچوونەوە بەو بابەتانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا."

لە راگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووە "ئەنجومەن بەدواداچوونی کرد بۆ ڕێکارەکانی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران تایبەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی، هەروەها ئاستی بەدیهاتنی هەنگاوە دیاریکراوەکان."

بۆ دادپەروەری بەرامبەر چین و توێژی جوتیاران، ئەنجومەن ڕەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنی نرخی بەرهەمی گەنم و پلانی وەرگرتنی تۆوی پلە باڵاکان بۆ وەرزی کشتوکاڵیی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، بەم شێوەیە:

١- ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تەنێک، بۆ ئەو جوتیارانەی ناویان لە پلانی کشتوکاڵیدا هەیە.

٢- ٥٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تەنێک، بۆ ئەو بڕانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین.

٣- هەژمارکردنی بڕی بەرهەم (غەلە) بە ٩٠٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی لە چوارچێوەی سیستەمی ئاودێری مۆدێرندان، و ٧٥٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی بە شێوەی سەیح (ڕەوان) ئاودێر دەکرێن، و ٣٠٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە دێمەکان.

٤- وەرگرتنی بڕی ١٠٠ هەزار تەن لە تۆوی پلە باڵاکانی گەنم بە نرخی ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تەنێک.

٥- پشکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پلانی بەبازاڕکردنی وەرزی کشتوکاڵیی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) بە بڕی ٤٠٠ هەزار تەن دەبێت، کە ٢٩٢ هەزار تەنی لەناو پلان و ١٠٨ هەزار تەنی لە دەرەوەی پلان دەبێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، "ئەنجومەن بڕیاری دا بە پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ وەرزی ڕابردوو (٢٠٢٤-٢٠٢٥) و وەرزی ئێستا (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی تەرخانکردنی بڕی قەرزەکان و سوودەکانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی داهاتوودا، هەروەها وەزارەت گەرەنتی دانەوەی بڕی قەرزەکە لەگەڵ سوودەکانی پێشکەش بە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) دەکات."

هەروەها ئەنجومەن بڕیاری دا "ئێستا وەرگرتنی ئەو پارانەی کە وەک کرێی زەوی کشتوکاڵییەکان لای جوتیارانە بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی کشتوکاڵ، و کرێی ئاودێری بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دوا بخرێت، تا ئەو کاتەی شایستە داراییەکانیان بۆ بەبازاڕکردنی گەنم وەردەگرن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای هاوردەکردنی هێلکەی خواردن بە مەرجی حەواڵەی دەرەکی، لە ڕێگەی میکانیزمی ڕاگەیاندنی پێشوەختەوە."

هەروەها وەک پابەندییەک لە حکومەتەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان، "ئەنجومەن ڕەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنی تەرخانکردنە داراییەکانی وەزارەتی بەرگری کە لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (ژمارە ١٨٦ی ساڵی ٢٠٢٦)دا هاتووە، هەروەها لە کۆی تەرخانکردنە پێشنیارکراوەکانی وەزارەت بۆ بودجەی وەبەرهێنانی ٢٠٢٦."

لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی کەرتی نەوتدا، "ئەنجومەن بڕیاری دا بە هەموارکردنی بڕیاری خۆی (ژمارە ١٠٠٨ی ساڵی ٢٠٢٤) تایبەت بە جێبەجێکردنی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو (بەسرە – حەدیسە)، بە شێوەیەک کە ڕێگە بە کۆمپانیای گشتیی ئاسن و پۆڵا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بدات، ڕێڕەوی پیشەسازی دەرەکی بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی بۆرییەکان بە تەواوی دروستکراوی، بەو مەرجەی لەناو عێراقدا و بە ڕەزامەندی وەزارەتی نەوت بپشکنرێن، و بوار بۆ کۆمپانیای ناوبراو بکرێتەوە بۆ دیاریکردنی گونجاوترین میکانیزم بۆ جێبەجێکردن بە شێوەیەک کە کارایی ئابووری و خێرایی لە دامەزراندنی بۆرییەکەدا بەدی بهێنێت."

سەبارەت بە پشکی دەوڵەت لە پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی نیشتەجێبوون، "ئەنجومەن ڕەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنی بڕیاری خۆی (ژمارە ٢١٥ی ساڵی ٢٠٢٦)، بۆ ئەوەی دەستەبەرکردنی پشکی دەوڵەت لەو یەکانەی لەو پڕۆژانەدان کە بەخشینیان (استثناء) لە مەرجەکانی ڕاگەیاندن وەرگرتووە بەپێی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای وەبەرهێنان بگرێتەوە، ئەوەش بەرامبەر بەخشینی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بە حکومەت، بە شێوەیەک کە شەفافیەت و بەرزکردنەوەی بەهای ئابووری مسۆگەر بکات."

هەروەها "ئەنجومەن ئەوەی پەسەند کرد کە لە کۆنووسی لیژنەی فەرمانی دیوانی تایبەت بە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی عێراق و چین، و ئەو خشتەیەی پێشنیارکراوە بۆ تەرخانکردنی پڕۆژەکان کە لە هەژماری وەبەرهێنانی ڕێککەوتنامەی ناوبراو بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دابین دەکرێن."

لە کۆتاییدا "لە بواری پڕۆژەکانی وزەی کارەبا لە کەرتی گواستنەوە و دابەشکردندا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر ئەوەی وەزارەتی کارەبا پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای نەخۆشخانەی دوجەیل (بە توانای ١٠٠ قەرەوێڵە) بە تۆڕی نیشتمانییەوە جێبەجێ بکات، لەو پارانەی کە وەک کرێی کارەبا (جباية) کۆکراونەتەوە."