بەغدا – INA – حەسەن فەواز
هانی نوروڵڵا، یاریدەدەری تەکنیکیی پارێزگاری بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئەو گرێبەستانەن کە ناوەکانیان لە لیستەکاندا دەرچووە، هاوکات ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی کاتی ڕاگەیاندنی دوایین لیستی ناوی گرێبەستەکان کرد.
نوروڵڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA )ی ڕاگەیاند: "پارێزگای بەغدا گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی گرێبەستەکان دەدات،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە "پارێزگا پێش دەرچوونی ڕێنماییەکانی خەرجکردنی پارە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، دەستی بە ڕێکارەکانی گرێبەستکردن کردووە."
ڕوونیشی کردەوە: "پارێزگا ڕووبەڕووی هەندێک ڕێکاری بیرۆکراتی بووەوە، بۆیە بڕیارمان دا گرێبەست لەگەڵ ئەو ناوانە بکەین کە لە لیستەکاندا دەرچوون،" و جەختی کردەوە کە "پارێزگا بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێکارانە."
وتیشی: "پارێزگا تا ئێستا دوایین لیستی ناوەکانی ڕانەگەیاندووە تا ئەو کاتەی کارەکانی ئەو گرێبەستانە تەواو دەبن کە بڕیارە لەگەڵ پێشکەشکاران واژۆ بکرێن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "ناکرێت کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت، بەڵام ڕاگەیاندنەکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێت."
پێشتر وەزارەتی دارایی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی ناو بودجەی سێ ساڵەی، کە ژمارەیان ١٥٠ هەزار پلەی وەزیفییە، ڕەتکردەوە.
وەزارەتەکە لە راگهیندراوهكهدا ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی ١٥٠ هەزار پلەی وەزیفی گرێبەستەکانی بودجەی سێ ساڵە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە،" و ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو دەنگۆیانە تەنها پەیوەندییان بە گرێبەستەکانی پارێزگای کەرکوکەوە هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پارێزگاکە خشتە و داتاکانی کە پێشتر لەلایەن فەرمانگەی بودجەوە داواکرابوو، نەناردووە."
ئەوەشی خستەڕوو کە "فەرمانگەی بودجە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی پارێزگای کەرکوک کردووە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی ٧٣٠٤ گرێبەستکار و ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی دامەزراندنیان، هەروەها دابینکردنی هەموو فەرمانە کارگێڕییەکانی دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان بۆ دڵنیابوون لە گونجانیان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان."
وەزارەتەکە جەختی کردەوە لە "پ پابەندبوونی بە تەواوکردنی هەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە گرێبەستەکان دەستبەجێ دوای تەواوکردنی داتا یاساییە داواکراوەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە،" و داوای لە هاووڵاتییان کرد "دوای دەنگۆکان نەکەون و تەنها پشت بە هەواڵی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەت ببەستن."



