وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت 'پرۆژەی ڕزگاری' ئەمەریکا کە ڕۆژی دووشەممە دەستیپێکرد بووەتە هۆی "شەرمەزاری" بۆ ڕژێمی ئێران و ئێستا لە ژێر چاودێری سەربازیی ئەمەریکا سەدان کەشتی بازرگانی ڕیزیان بەستووە بۆ دەربازبوون لە گەرووی هورمز.

وەزیری جەنگ پیت هێگسێس ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێرانییەکان شەرمەزار بوونە، وتیان کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکەن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە."

پیت هێگسێس ئاماژەی دا بەوەی سوپای ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە پەیوەندی چالاکدان لەگەڵ سەدان کەشتی و کۆمپانیای کەشتییەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەی ئازادیدا ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە بێنە دەرەوە.

ڕایگەیاند، "سەدان کەشتی سەرانسەری جیهان ڕیزیان بەستووە بۆ ئەوەی لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە."

وەزیری جەنگ جەختی کردەوە لەوەی پرۆژەی ئازادی جیاوازە لە ئۆپەراسیۆنی ئەفسانەیی، بەو پێیەی پرۆژەکە پرۆسەیەکی "بەرگریکار و کاتییە" بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییە بێلایەنەکان لە توندوتیژی ڕژێمی ئێران و ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا پێویستیان بەوە نابێت بچنە ناو خاک و ئاوی ئێرانەوە.

وەزیری جەنگ گوتیشی، "بە دوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ناتوانرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی گەمارۆ بدات."

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەرە دوێنێ بە سەرکەوتوویی لەو ناوچە ئاوییە پەڕیونەتەوە. هەر دوێنێ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند زیاتر لە 300 کەشتی بازرگانی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی پەڕینەوە لەو ئاوانە دەکەن.

وەزیری جەنگ ئاماژەی دا بەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەش کەشتی ڕژێمی ئێران هەوڵیان داوە گەمارۆکانی ئەمەریکا بشکێنن، بڵام لەگەڵ دەسپێکی پرۆژەی ئازادی هەموویان گەڕانەتەوە شوێنی خۆیان.

گوتیشی، "بۆ ئەو هێزانەی ئێران کە هێشتا ماون، ئەگەر بتانەوێت هێرش بکەنە سەر سوپای ئەمەریکا یان کەشتییە بێتاوانەکان، ڕووبەڕووی هێزی بێشومار و وێرانکەری سوپای ئەمەریکا دەبنەوە."

پیت هێگسێس هەروەها هانی وڵاتانی تری دا بەشداری چالاکانەتر بکەن لە پاراستنی ئەو ڕێڕەوە ئاویە و ڕایگەیاند، "بۆ ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە ئێمە گەرووی هورمز بەکار دەهێنن، ئێمە کاری سەقامگیرکردنی ناوچەکە دەکەین بۆ ئەوەی هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوانیمان لە جیهان هەیە کە ڕۆڵیان زیاتر بکەن. لە کاتی گونجاودا و بەم زووانە ناوچەکە دەدەینەوە دەست ئێوە."