نێودەوڵەتی – INA

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا تەقەیان لە دوو بەلەمی بچووک کردووە کە هاووڵاتیی مەدەنییان هەڵگرتبوو، ئەمەش بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٥ کەس.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە: "سوپای ئەمریکا، دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ٦ بەلەمی خێرای سەر بە سوپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ کامێکیان بپێکن، لە ڕاستیدا هێرشی کردووەتە سەر دوو بەلەمی بچووک کە گەشتیاریان لە 'خەسب'ـی سەر کەناراوەکانی عومانەوە بۆ ئێران دەگواستەوە."

سوپای ئەمریکا دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" کردووە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز و جەختی کردەوە کە گەمارۆکە بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەردا ئێران دووپاتی کردەوە کە بە هەموو هێزێکییەوە پارێزگاری لە ئاسایشی گەرووی هورمز دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم