بەغداد – INA – ئامنە سەلامی

شارەوانی بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە، هەڵمەتێکی فراوانی پەرەپێدانی بۆ ڕێگاوبان و فەزا سەوزەکان و پارکەکان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەهێزکردنی واقیعی گەشتیاریی پایتەخت، هاوکات جەختی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ کردەوە لە قیرتاوکردنی شەقامەکان و فراوانکردنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ.

وتەبێژی شارەوانی بەغداد، عودەی جەندیل، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA )ی ڕاگەیاند: "هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی، بەرهەمی ڕێکارێکی زۆر گەورەیە بەپێی دیدگایەکی ژێرخانیی بەردەوام بۆ باشترکردنی واقیعی گەشتیاری و جوانی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پایتەخت بووەتە خاڵێکی ڕاکێشەر بۆ گەشتیاران لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق".

وتیشی: "شارەوانی بەغداد کاری کردووە لەسەر پەرەپێدانی ڕێگا و شەقامەکان، بە دەستپێکردن لە شەقامی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد کە گۆڕانکارییەکی تەواو و هەمەلایەنەی بەخۆیەوە بینی و کاری قیرتاوکردنی بە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ئەنجامدرا تاوەکو بۆ ساڵانێکی زۆر بمێنێتەوە، جگە لە گرنگیدان بە فەزا سەوزەکان و زیادکردنی باخچەی نوێ و ئەنجامدانی چاککردنەوە بۆ زۆربەی ناوچە نیشتەجێبوونەکان".

جەندیل ڕوونی کردەوە: "کارکردن بەردەوامە لەسەر پەرەپێدان و جوانکردنی (کۆنیشەکان)، بە جۆرێک قۆناغی یەکەم و دووەمی کۆرنیشی ئەبو نۆاس تەواو بووە و کارکردن لە قۆناغی سێیەم بەردەوامە، جگە لە کۆرنیشەکانی ئەعزەمییە، عەتێفییە، کازمییە و قادسییە، لەگەڵ بەردەوامیی کارەکان لە ئێستادا لە کۆرنیشی کرێعات و پەرەپێدانی ڕووە ڕووبارییەکان بۆ ئەوەی ببنە خاڵی ڕاکێشەر بۆ هاووڵاتییان".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو بەشە گەورەیەی کە شارەوانی جەختی لەسەر کردووەتەوە، پەرەپێدانی چەق یان ناوەندی مێژوویی بەغدادە، بە دەستپێکردن لە شەقامی موتەنەبی تاوەکو دەگاتە میحوەر یان تەوەرەی سەرا، و تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی شەقامی ڕەشید، ئەمەش وایکردووە ئەم شوێنانە ببنە ناوچەی سەرەکیی گەشتیاری"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەست کراوە بە کارەکانی پەرەپێدانی ڕێگای نێوان پەیکەری ڕەسافی بۆ پردی شوهەدا و ڕوکاری مۆزەخانەی بەغدادی".

جەندیل ئاشکرای کرد کە "لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی تەواو بۆ بینای مۆزەخانەی بەغدادی و نۆژەنکردنەوەی کەلوپەلەکانی ناوەوەی دەستپێدەکات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ژێرخانەکان فراوانبوونێکی گەورەیان بەخۆیەوە بینیوە لە خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە بە جۆرێک کە لەگەڵ فراوانبوونی ئاوەدانیی پایتەخت دوای ساڵی ٢٠٠٣ بگونجێت".

لە کۆتاییدا وتی: "بەشی وەبەرهێنان لە شارەوانی بەغداد، ڕەزامەندی و هەلی وەبەرهێنانی بەخشیوە بۆ بنیاتنانی هوتێلی گەورە و مفەخەم (فۆخ) کە لە ئاستی پایتەختدابن و هاوشانی ئەو گەشەسەندنە بن کە لە وڵاتانی جیهاندا هەیە، ئەمەش بۆ چالاککردنی جووڵەی گەشتیاری، چونکە بەغداد پایتەختی گەشتیاریی عەرەبییە".