بەغداد – INA

وەزارەتی گواستنەوە - کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وشکانی، ئەمڕۆ سێشەممە، کارتەکانی TIR ی بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە عێراقەوە دەرکرد.

وەزارەتی گواستنەوە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "وەزارەتی گواستنەوە - کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وشکانی، وەک دەستەبەری ناوخۆیی ڕێککەوتننامەی (TIR) لە عێراق، کارتی تێر (Carnet TI)ی بۆ کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان دەرکرد"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم هەنگاوە جۆرییە ئامانجی چالاککردنی جووڵەی هەناردەی عێراقی و بەهێزکردنی ئاسانکاریی گواستنەوەی کاڵاکانە بەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا بەپێی ئەو سیستمە جیهانییانەی کە پەسەند کراون".

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، مورتەزا کەریم شەحمانی، بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ ڕایگەیاندووە: "دەرکردنی کارتەکانی تێر گوزارشتە لە دەستپێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی گواستنەوەی نێوان چەندین دەوڵەت، ئەمەش ڕێگە بە کۆمپانیا عێراقییەکان دەدات کاڵاکانیان لە ناوەوەی عێراقەوە بۆ دەوڵەتە جیاوازەکانی ئەندام لە ڕێککەوتننامەکە بگوازنەوە، بەبێ پێویستبوون بە ڕێکاری گومرگی ئاڵۆز لە دەروازە سنوورییە ناوەندییەکان، کە ئەمەش بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی کات و تێچوو و بەرزکردنەوەی کارایی پرۆسە لۆجستییەکان".

وتیشی: "کارتی تێر زانیاریی ناسنامەیی تەواو لەخۆدەگرێت کە داتاکانی لایەنی گواستەرەوە، خاڵەکانی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە، ڕێڕەوی گەشتەکە، جگە لە وردەکاریی بارەکە و ژمارەی کانتینەرەکە لەخۆدەگرێت، بە جۆرێک کە شوێنکەوتنی کاڵاکان و دەستەبەرکردنیان لە چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتیی یەکگرتوودا مسۆگەر بکات، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر چالاککردنی ئابووری نیشتمانی و بەهێزکردنی متمانەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بە کەرتی گواستنەوەی عێراقی".

شەحمانی ستایشی "ئەو هەوڵە گەورانەی کرد کە تیمی دەستەبەری ناوخۆیی و خاڵی پەیوەندی لە فەرمانگەی تەکنیکی لە بارەگای وەزارەت داویانە بۆ دەستپێکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش دەستە گومرگی و چاودێرییەکان، بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان لە سیستمی (TIR)".

جێی ئاماژەیە، سیستمی (TIR) یەکێکە لە گرنگترین سیستمە جیهانییەکان لە بواری گواستنەوەی وشکانی نێودەوڵەتیدا، کە پشت بە پرەنسیپی دەستەبەری نێودەوڵەتی دەبەستێت بۆ ئاسانکردنی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان بەناو چەندین دەوڵەتدا بەبێ بەتاڵکردنی بارەکانیان یان ڕووبەڕووکردنەوەیان بۆ ڕێکاری پشکنینی دووبارە، ئەمەش خێرایی بازرگانیی نێوان سنوورەکان بەهێز دەکات و مەترسییە لۆجستییەکان کەمدەکاتەوە.