نێودەوڵەتی – INA

ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، تێپەڕبوونی کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیای "مێرک"ی (Maersk) لە گەرووی هورمز بە هاوکاریی ئەمریکا ڕەتکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی کە سەرچاوە هەواڵییە بیانییەکان لە کۆمپانیای (مێرک)ـەوە گواستوویانەتەوە سەبارەت بەوەی کەشتییەکیان بە هاوکاریی ئەمریکا لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە، ناڕاستە."

ئاماژەی بەوەش کردووە: "هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمپانیای مێرک، کە بەڕێوەبەری کەشتی (ALLIANCE FAIRFAX)ـە، دەرنەچووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تێپەڕبوونی بەناو گەرووی هورمزدا، هەروەها داتاکانی سیستەمی دیاریکردنی شوێنی کەشتییەکە (GPS) دەریدەخەن کە دوایین ناردنی زانیاری شوێنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥ ڕۆژ لەمەوپێش، کاتێک لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات لەنگەری گرتبوو."

ئاژانسەکە لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی: "ماڵپەڕە باوەڕپێکراوەکانی شوێنکەوتنی جووڵەی دەریاوانی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بە تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە لە گەرووی هورمز بڵاونەکردووەتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە کۆمپانیای "مێرک"ـەوە گواستبوویەوە کە کەشتییەکە، کە ئاڵای ئەمریکای هەڵگرتووە و لەلایەن کۆمپانیای "فارێڵ لاینز"ی سەر بە مێرکەوە بەڕێوەدەبرێت، پرۆسەی تێپەڕبوونی بەبێ هیچ ڕووداوێک ئەنجامداوە و تەواوی ئەندامانی تیمەکەشی سەلامەتن.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم