بەغدا – INA – ویسام مەلا
لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا، جووڵەیەکی سیاسی چڕ بەدی دەکرێت کە بە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی دەستی پێکرد، پاشان کۆبوونەوەیەکی دووەمی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، کە لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی گەیشتە بەغدا.
ئەم جووڵانە بە ڕاگەیاندنی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتە لووتکە، کاتێک ڕایگەیاند کە کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، هەفتەی داهاتوو دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەمەش لە ناو کەشێکی پڕ لە گەشبینی و لێکتێگەیشتن کە گەیشتووەتە قۆناغە کۆتاییەکان لە نێوان کوتلە سیاسییەکاندا.
حەلبووسی: هەفتەی داهاتوو دەنگدان دەکرێت
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەیبەت حەلبووسی، لە کاتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەندا جەختی کردەوە کە پەرلەمان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کارنامەی حکومەتی تایبەت بە زەیدی پێدەگات.
حەلبووسی ڕوونی کردەوە کە لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی و کارنامەی حکومەت ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی، دەست دەکات بە خوێندنەوەی، وەک ئامادەکارییەک بۆ خستنەڕووی ناوی کابینەی وەزاری لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا بۆ دەنگدان و پێدانی متمانە.
لێکتێگەیشتنی کوتلەکان: تێپەڕاندنی ئاستەنگی 75%
یوسف کلابی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە (INA)ی ڕاگەیاند کە لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی وەزارەتەکان ڕێککەوتوون، و ڕوونی کردەوە کە "ڕاسپێردراو داوای لە هەر کوتلەیەک کردووە (3 بۆ 5) کاندید بۆ هەر وەزارەتێک پێشکەش بکەن تاوەکو شیاوترینیان هەڵبژێردرێت."
گوتیشی: "لێکتێگەیشتنی زۆر ئەرێنی هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو و سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری ساز دەکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "کۆدەنگی لە هەموو کوتلەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێشوازی لە زۆربەی کوتلە و پارتە سیاسییەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی پێکهێنانی حکومەت."
لە هەمان چوارچێوەدا، عەلی متیووتی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی عەزم، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئاشکرای کرد کە پێشکەوتنێکی گەورە لە دانوستانەکاندا هەیە و زیاتر لە 75%ی ئاستەنگەکان تێپەڕێنراون، ئەوەش بەهۆی "هەنگاوە دڵنیاییەکانی" ڕاسپێردراوەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتنی شاندی پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و یەکێتیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا، نوێنەرایەتی قۆناغی یەکلاکردنەوە دەکات، و گوتی: "شایستە هەڵبژاردنەکان پێوەرە بنەڕەتییەکەن لە دابەشکردنی وەزارەتەکاندا بۆ دەستەبەرکردنی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات."
لە لایەکی ترەوە، سروە محەمەد، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (INA)ی ڕاگەیاند: "دانوستانە کوردییەکانی دوایی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا، جەخت لەسەر شایستەی پێکهاتەی کورد و خاڵە ناکۆکە هەڵپەسێردراوەکان دەکەنەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "لێکتێگەیشتنەکان گەیشتوونەتە هەنگاوی زۆر پێشکەوتوو."
نازم ئەسەدی، ئەندامی کوتلەی "بینا و گەشەپێدان" ئاماژەی بەوە کرد کە پێشوازییەکی فراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەت هەیە، ئەمەش حەزی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی وادە دەستوورییەکاندا بەهێزتر دەکات.
لە چوارچێوەی تەواوکردنی لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکاندا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، لە 2ی ئایاری ئەمساڵدا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد کە شارەکانی هەولێر و سلێمانی گرتەوە، بە یاوەری شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی، و تێیدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و دەستەبەرکردنی شەراکەت و هاوسەنگی لە حکومەتی داهاتوودا کرایەوە.
سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، زەیدی بە فەرمی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە ڕۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026. ڕێوڕەسمی ڕاسپاردنەکە لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ڕێککەوتنی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لەسەر کاندیدکردنی.