بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختیان لە گرنگیی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کردەوە بۆ زامنکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا و بەدیهێنانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی هەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: لیژنەی سەرکردایەتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تایبەتە بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، لە نووسینگەی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پێشوازییان لە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی کرد.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی پەیوەندیدار بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت کراوە، و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک پێشنیاز و دیدگایان خستە ڕوو کە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی کارنامەی حکومەت، بە شێوەیەک کە خواستەکانی هاووڵاتیان بەدی بهێنێت و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا بەهێز بکات.

ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت: کۆبوونەوەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕای بەخۆوە بینی سەبارەت بە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان، و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ زامنکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا و بەدیهێنانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی هەبێت.

هەردوولا پەرۆشی خۆیان دەربڕی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆی بنیاتنەر، بەو ئاراستەیەی کە دەبێتە هۆی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی پتەو کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی شەراکەتی نیشتمانی.