بەغدا ـ INA ـ ئامینە سەلامی
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئاشکراکردنی زیاتر لە 380 هەزار حاڵەتی سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکەی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی 240 ملیار دینار لە سەرپێچیکاران کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی کۆمەڵایەتی، عەبدولڕەحمان عوەید مەنسووری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو سەرپێچیکارانەی لەسەر سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی ئاشکرا کراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 380 هەزار حاڵەت/خێزان، لە کاتێکدا پرۆسەی وردبینی هێشتا بەردەوامە، چونکە بەستنەوەی تۆڕەکان و بەراوردکردنی زانیارییەکان و ڕاگەیاندنی ساڵانەی ئەلیکترۆنی و نوێکردنەوەی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی (مظلتي) ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی ناوی نوێ کە شایستە نین".
ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆی گشتیی ئەو بڕە پارانەی وەرگیراونەتەوە و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی شایستەبووندا جێگیر کراون، گەیشتووەتە نزیکەی 240 ملیار دینار، کە 140 ملیار دیناریان بە شێوەی نەختینە بۆ بەرژەوەندی سندوقی پاراستنی کۆمەڵایەتی گەڕێندراونەتەوە، جگە لە هەبوونی بڕی 180 ملیار دینار کە کراون بە قیست و لەسەر بنکەی زانیارییەکانی وەرگرتنەوە دیاری کراون بۆ ماوەیەک کە دەگاتە 10 ساڵ، ئەوەش لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی و ئامێرەکانی پارەدان (POS)".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "پرۆسەی وەرگرتنەوەی پارەکان بەپێی یاسای وەرگرتنی قەرزە حکومییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوەی فەرمی، و پێدانی پارەکە یان قیستکردنی، و هێنانی کەفیلێکی فەرمانبەر، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی لە پێدانی پارەکە سەرپێچی دەکەن، بە جۆرێک کە گەڕانەوەی پارەکان بۆ سندوقی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی بۆ ئەو کەسانەی بە ڕاستی شایستەن مسۆگەر بکات".

